شێرپەنجەی قۆڵۆن یەكێكە لە جۆرە زۆر بڵاوەكانی شێرپەنجە، بەپێی راپۆرتەكانی كۆمەڵەی ئەمەریكا بۆ شێرپەنجە، لە 1995ەوە ژمارەی تووشبووان لە كەسانی خوار تەمەنی 55 ساڵ زیاد بووە، لە 1995 رێژەكەی 11% زیاد بووە و زیادبوونەكە لە 2019 گەیشتووەتە 20%، بەتایبەتی حاڵەتە پێشكەوتووەكانی نەخۆشییەكە كە لە 2019 گەیشتە 60%ی حاڵەتەكان.
د. رۆبین میندیلسۆن، بەڕێوەبەری سەنتەری شێرپەنجە لە نەخۆشخانەیەكی نیویۆرك دەڵێت، لە نەوەتەكانی سەتەی رابردووەوە ساڵانە حاڵەتەكان بە تێكڕای 1 بۆ 2% زیاد دەبن، د. نیلۆڤەر سەبا عزواد، لە زانكۆی جۆنز هۆبكنز ئاماژە دەكات، هۆكاری ئەو زیادبوونە بۆ ژینگە دەگەڕێتەوە نەك بۆماوە، كە سیستمی خۆراكی رۆژئاوایی، بەتایبەتی گۆشتی بەرهەمهێنراو و زیادبوونی كێش و قەڵەوی و جگەرەكێشان دەگرێتەوە.
بۆیە ریچنوێنیی خەڵك لە تەمەنی 45 ساڵییەوە دەكرێت بۆ ئەنجامدانی پشكنینی رێكوپێكی خولیی شێرپەنجەی قۆڵۆن و رێكە، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی رابردوو ئەو تەمەنەی داوایان لێ دەكرا بۆ ئەنجامدانی پشكنین 50 ساڵ بوو، بەڵام بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەكە لەناو گەنجان تەمەنی پشكنین هێنرایە خوارەوە.
لە نیشانەكانی ئەو جۆرە شێرپەنجە، سكچوون و ئازاری سك و خوێنبەربوونی رێكە و كەمخوێنی بەهۆی كەمیی ئاسنەوە، د. میندیلسۆن دەڵێت، زیاترین نیشانەی نەخۆشییەكە خوێنبەربوونی كۆمە یان بوونی خوێنە لە پاشەڕۆ، بەڵام رەنگە هەموو خوێنبەربوونێكی كۆم شێرپەنجەكە نەبێت و مایسیریش دروستی دەكات، بەڵام بۆ خۆپاراستن پێویستە سەردانی پزیشكی شارەزا بكرێت.
بەپێی "مایۆكلینیك"، رەنگە هەستكردن بە بەتاڵنەبوونی ریخۆڵەكان و كەمخوێنی نیشانەی تر بن، بەتایبەتی ئەگەر خوێنبەربوونی شاراوە هەبێت، جیا لە رەنگی پاشەڕۆن كە رەش دەبێت و قەبزییەكی نائاساییش دروست دەبێت.