هێشتا نەخۆشییەكانی دڵ بە هۆكارێكی سەرەكیی مردن لە جیهاندا هەژمار دەكرێن، وێڕای هۆكاری بۆماوەیی، سیستەمی خۆراكی هۆكارێكی سەرەكیی تووشبوونە بەو نەخۆشییانە كە بریتین لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و كۆلیسترۆل و ئاستی هەوكردنەوەی خوێن.
بەپێی ڕاپۆرتێك كە ماڵپەڕی "She Finds" بڵاوی كردووەتەوە، هەندێك جۆری خواردن زیاتر لەوانی تر هۆكارن بۆ نەخۆشییەكانی دڵ، بەهۆی ئەوەی ڕێژەیەكی زۆری چەوریی تێر و شەكرەكانیان تێدایە، وێڕای سۆدیۆم كە ئەمان هەمووی ڕاستەوخۆ كاریگەرییان هەیە.
لە ڕاپۆرتەكەدا لێدوانی د. جێرمی لەندەن، پسپۆڕی نەشتەرگەریی دڵ وەرگیراوە، ئەویش چوار جۆر خۆراكی دیاری كردووە كە هۆكاری ڕاستەوخۆی تووشبوونن بە نەخۆشییەكانی دڵ و بریتین لەمانەی خوارەوە:
یەكەم: خواردنە خێراكان، مەترسیی تووشبوون بە خۆشییەكانی دڵ بە ئاستێكی زۆر بەرز زیاد دەكەن، بەهۆی زۆریی چەورییە تێرەكان و چەورییە گۆڕاوەكان و سۆدیۆم و شەكرەوە. هەروەها دەڵێت، زۆربەی ئەو پێكهاتانەی لە خواردنە خێراكاندا هەن، ڕاستییەكەی بۆ خواردن ناشێن.
دووەم: شیر
د. جێرمی دەڵێت، لەناو ئاژەڵە شیردەرەكاندا، ئێمەی مرۆڤ تاكە جۆری ئاژەڵین كە دوای كاتی كۆرپەییش هەر شیر دەخۆین، لە كاتێكدا شیر تەنیا بۆ تەمەنێكی بچووكی دیاریكراو پێویستە بخورێت، بەهۆی ئەو هەموو چەورییە تێرەی تێیدایە.
لە بەرانبەردا، بەروبوومی شیرەمەنیی ترشێندراو وەكوو ماست، سوودی تەندروستیی زۆریان هەیە، شیریشن ئەگەر چەورییەكەی دەرهاتبێت ئاساییە.
سێیەم: خواردنەوە گازییەكان
لەگەڵ خواردنە خێراكاندا، كووپێكی گەورەش لە خواردنەوە گازییەكان باوە و هەموو كەس بەو شیوەیە دەیخوات، لە كاتێكدا ئەو خواردنەوانە پڕن لە شەكری وەكوو فركتۆز و سكرۆز، ئەمەش دەبێتە هۆكاری قەڵەوی كە كاریگەریی سەرەكی بۆ نەخۆشییەكانی دڵ هەیە.
چوارەم: خواردنەوە كهوولییەكان
د. جێرمی دەڵێت، خواردنەوە كهوولییەكان پڕن لە كالۆری، ئەمەش دەبێتە هۆی قەڵەوی، بۆیە ئەوانەی بە شێوەی بەردەوام دەیخۆنەوە، تووشی پەستانی خوێن دەبن و لە ئاكامدا نەخۆشییەكانی دڵ دەگرن و جەڵتەش نزیك دەكاتەوە.
ئەو دەڵێت، ڕاستییەك هەیە دەبێت نەیشارینەوە، خواردنەوە كهوولییەكان بە ڕێژەیەكی كەمیش هەر زیان بە جەستەمان دەگەیەنێت.