چەند نیشانەیەك لەسەر بەرزیی كۆلیسترۆڵ و گیرانی خوێنبەرەكان

:: PM:11:01:11/11/2024 ‌

یەكێك لە كێشە گەورە تەندروستییەكانی ئێستەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گیرانی خوێنبەرەكان و بەرزبوونەوەی رێژەی چەورییە لە لەش و لەناو دەمارەكان، كە دەبنە هۆی نەگەیشتنی خوێنی پێویست بۆ ماسولكەكانی دڵ و مێشك و ئەندامەكانی لەش، ماڵپەڕێكی پزیشكی باسی چەند نیشانەیەك دەكات لەسەر گیرانی خوێنبەرەكان.

ماڵپەڕی "هیڵس"ی پزیشكی باسی چەند نیشانەیەك دەكات كە لە دوای سەعات 10ی شەو بەسەر مرۆڤ دەردەكەون، رەنگە پێوەست بن بە بەرزیی رێژەی كۆلیسترۆڵ لە خوێن و گیرانی خوێنبەرەكانەوە، لەوكاتەی كۆلیسترۆڵ مادەیەكی مۆمییە و هەموو خانەكانی لەش هەیە و بۆ بەرهەمهێنانی هۆرمۆن و ڤیتامین دال و یارمەتیدەرەكانی هەرسكردن پێویستە، بەڵام پێویستە رێژەكەی دیاریكراو بێت بۆ ئەوەی زیانی نەبێت.

لەو نیشانانەی ماڵپەڕەكە باسیان دەكات كە شەوانە بەدیار دەكەون و پێویستە لە كاتی هەست پێكردنیان سەردانی پزیشكی شارەزا بكرێت:

*ئازاری سینگ، لە دیارترین نیشانەكانی شەوانەی بەرزیی كۆلیسترۆڵە لە خوێن، بەهۆی گیرانی خوێنبەرەكانەوە دروست دەبێت، بەو شێوەیە خوێن ناگاتە ماسولكەكانی دڵ و هەست بە گیران و گوشاری سنگ دەكرێت.

*هەناسەتەنگی، نیشانەیەكی وریاكەرەوە و مەترسیداری حاڵەتەكانە و شەوانە دروست دەبێت، بەتایبەتی لە كاتی پاڵكەوتن، بەهۆی گیرانی دەمارەكان و دروستبوونی گوشارە لەسەر دڵ، هەناسەدان زەحمەت دەبێت. 

*ماندووبوون و شەكەتیی زۆر، بەتایبەتی لە شەوان نیشانەیەكە لەسەر بەرزیی كۆلیسترۆڵ، كاتێك دەمارەكانت دەگیرێت پێویستە دڵ زیاتر كار بكات و بە توانایەكی زیاتر پاڵ بە خوێنەوە بنێت، ئەوەش ماندووی دەكات، بۆیە ئەگەر شەوانە دوای حەسانەوە هەر ماندوو بوویت، ئەوە كۆلیسترۆڵت بەرزە.

*سەرسووڕان و سەرگێژخواردن، بەتایبەتی شەوانە و لە كاتی جووڵانەوە و گۆڕینی دۆخی لەش، ئەوەش ئاماژەیە بۆ بەرزیی رێژەی كۆلیسترۆڵی خوێن و نەگەیشتنی خوێنی پێویستە بۆ مێشك بەهۆی گیرانی خوێنبەرەكانەوە.

*سڕبوون و مێروولەكردنی قاچ و باسك، رەنگە نیشانەیەكی لاوازیی سوڕی خوێن بێت بەهۆی بەرزیی رێژەی كۆلیسترۆڵەوە، شەوانە لەو كاتەی مرۆڤ كەمتر چالاكە زیاد دەكات، ئەوەش نیشانەی بوونی كێشەیە لە خوێنبەرەكان.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل