دڵی مرۆڤ سەرچاوەی ژیانیەتی، بە لێدانی ژیان دەست پێ دەكات و بە وەستانیشی دەوەستێت، مرۆڤی تەندروست واتە دڵێكی بەهێز و تەندروست و بێ كێشە، پێچەوانەكەشی راستە، پارێزگاریكردن لە تەندروستی دڵ بە چەند رێگەیەكەوە دەبێت، لەوانە شێوازی ژیان و سیستمی خۆراكی تەندروست، بەگشتی هەندێك نیشانە هەن ئەگەر دەركەوت، نابێت مرۆڤ فەرامۆشیان بكات.
ئازاری سینگ دیارترین نیشانە وریاكەرەوەكانی بوونی كێشەی دڵە، هاوكات نیشانەی تریش هەن، وەك رۆژنامەی "میرۆر"ی بەریتانی باسیان دەكات، تیشك دەخاتە سەر شەش نیشانەی كێشەی دڵ، شارەزایان پێیان وایە دەستنیشانكردنی زووی ئەو نیشانانە زۆر گرنگە بۆ خۆپاراستن لە ئەنجامەكانی، ئەوانیش:
*هەناسەتەنگی، واتە زەحمەتیی هەناسەدان لەكاتی ئەنجامدانی چالاكیی رۆژانە، وەك رۆیشتن و سەركەوتنی پەیژە، كاتێك بەهۆی بوونی كێشە دڵ زۆر لە خۆی دەكات بۆ گەیاندنی خوێن بۆ بەشەكانی لەش.
*ماندووبوون، ماندووبوون دوای ئەرك و راهێنان ئاساییە، بەڵام لەگەڵ هەر ئەركێكی سووك زوو ماندووبیت و زیاتر لە ئاسایی بەردەوام بێت، ئاماژەیەكی خراپە بۆ بوونی كێشەی دڵ.
*ئاوسان، لە قاچ و پاژنە و سك، بەتایبەتی ئەگەر كتوپڕ و بەردەوام بێت، رەنگە ئاماژە بێت بۆ پەككەوتنی دڵ، كە بەهۆی لاوازیی بەجێگەیاندنی فەرمانی دڵ، دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی شلەی لەش.
*سەرسووڕان، هەستكردن بە سەرسووڕان و سەرگێژخواردن لە كاتی جووڵانەوە و گۆڕینی دۆخی لەش، رەنگە پێوەندیی بە كێشەی لێدانی دڵەوە هەبێت.
*هێڵنج و بەدهەرسی و نەمانی ئارەزووی خواردن، بەتایبەتی لای ژن، ئاماژەن بۆ كێشە لە دڵ، كە بەهۆی كەم گەیشتنی خوێن بۆ كۆئەندامی هەرسەوە روودەدەن.
*ناڕێكی لێدانی دڵ، دووبارەبوونەوەی دڵەكوتێ و هەستكردن بە فڕكان لە سینگ، ئاماژەیە بۆ ناڕێكیی لێدانی دڵ، ئەوەش مەترسیی سەكتەی مێشك و كێشەی تر زیاد دەكات.