نەتنیاهۆ: رووخانی ئەسەد رۆژێكی مێژووییە و گورزێكە بۆ بەرەی ئێران

:: PM:06:31:08/12/2024 ‌

هاوكات لەگەڵ دواساتەكانی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەكی دیمەشق و سووریایان بۆردمان كرد، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانێكی بۆ نزیك سنوورەكانی سووریا دووپاتی كردەوە كە رووخانی ئەسەد رۆژێكی مێژووییە و گورزێكە بۆ بەرەی ئێران.

بنیامین نەتنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە شوێنێكی نزیك لەسەر سنوور لەگەڵ سووریا گوتی، رژێمی ئەسەد لە ئەنجامی گورزەكانی ئیسرائیل بۆ حزبوڵا و ئێران هاتە رووخان، كە رۆژێكی مێژووییە و گورزێكە بۆ بەرەی ئێران، بە رووخانی رژێمی ئەسەد هەلی نوێ و زۆر گرنگ بۆ ئیسرائیل دەرەخسێت، بابەتەكە بێ مەترسیش نییە، بەڵام ئیسرائیل رێگە بەهیچ هێزێكی نەیار نادات بۆ جێگیربوون لەسەر سنوورەكانی.  

ئەمڕۆ یەكشەم هاوكات لەگەڵ خۆشیی سوورییەكان بە بۆنەی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، بەتایبەتی لە دیمەشقی پایەتەخت، دەنگی چەند تەقینەوەیەك بیسترا، كاتێك فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بەسەختی هێرشیان كردە سەر هەردوو ناوچەی فڕۆكەخانە سەربازیی مزە و كەفر سووسە لە دیمەشق، ئەگەرچی سەرچاوەی هێرشەكە دیار نەبوو، بەلام پێشتر ئیسرائیل رای گەیاند كە جبەخانەكانی سوپای سووریا بۆردمان دەكات، بۆ ئەوەی چەكەكانی نەكەونە دەستی گرووپە چەكدارەكان.

هاوكات چەند تەقینەوەیەك لە چوارگۆشەی تەناهی لە دیمەشق روویان دا، كەتەلاری دەزگای هەواڵگری و گومرگی لەخۆ گرتووە، دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش رای گەیاند كە فڕۆكە جەنگییەكانیان سەنتەری توێژینەوەی زانستییان لە دیمەشق بۆردمان كردووە، كە سەرپەرشتیی بەرنامەكانی چەكی كیمیایی و مووشەكی بالیستی تیادا دەكرا، جیا لە چەند پێگەیەكی سەربازی لە پارێزگاكانی درعا و سوەیدا، كە پێشبینی دەكرێت جبەخانەكانی سوپای سووریا بن، لەو كاتەی هێزە تایبەتەكانی ئیسرائیل لە پارێزگای قنێترە لە ناوچەی جۆلان هاتنە ناو خاكی سووریا.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل