بەغدا بە نەناردنی مووچەی فەرمانبەران دەیەوێ گوشار بخاتە سەر حكوومەتی هەرێم و هاووڵاتییان، ئامانجی بەغدا ئەوەیە بڕیارەكانی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستان بسەپێنێت و ملكەچی خۆی بكات، هەروەها هاووڵاتییان دژی حكوومەتی هەرێم هان بدات، پەرلەمانتار و شارەزایان پێیان وایە بەغدا لە رێگەی مووچەوە دەیەوێ هەرێم سزا بدات و گوشاری زیاتر لەسەر حكوومەتی هەرێم دروست بكات.
محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی بەغدا دەیكات گوشاركردنە لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەزانێت هەموو شتێك لەژێر دەسەڵاتی خۆیەتی، دەیەوێ گوشارەكانی بەرانبەر هەرێمی كوردستان زیاتر و زیاتر بكات، ئەگەرنا یاسای بودجە چووەتە بواری جێبەجێكردن و هیچ كێشەیەك بۆ پارێزگاكانی عێراق نییە و یاساكە بۆ ئەوان وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت، بۆچی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نانێرێت، یان پشكی كورد رەوانە ناكات، تا فەرمانبەر نەگاتە ئەو حاڵەتەی گوشاری بۆ بێت، ئەوەش بۆ ئەوەیە خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت.
دووپاتی كردەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان خاوەن ئیرادەیە، ئەوە وەڵامێكی باشە بۆ ئەوانەی دەیانگوت ئەگەر مووچە لە دەستی بەغدا بێت باشترە، زیاتر لە ساڵێكە بەغدا سەرەتا بە رادەستكردنی نەوت، دواتر گوتی رێككەوتن و یاسای بودجە، دواتر تەوتین، دواتریش گوتی لیستی مووچە و لیستی مووچە بە سیدی و بە كاغەز، هەموو ئەوانە بیانوون نەك چارەسەركردن، هەرچی بۆ بەغدا بكەیت هەر مووچە دوا دەخات، ئەوە سیاسەتێكە و خۆیان باش دەزانن چی ئەكەن.
لای خۆیەوە نەژاد ساڵح، رۆشنبیر و نووسەر بە "وشە"ی گوت، رێككەوتن لە نێوان هەردوو حكوومەت لەبارەی مووچە و بودجە كراوە، هەروەها لە یاسای بودجە پشكی هەرێمی كوردستان دیاری كرا و یەكلا بووەوە و پەرلەمانتاران دەنگیان پێی دا، بەڵام تا ئێستە بەغدا پابەندی رێككەوتنەكە و جێبەجێكردنی یاسای بودجە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان نەبووە، كاتی پێكهێنانی حكوومەتیش رێككەوتن كراوە، بەڵام دیسان بەغدا پێوەی پابەند نەبووە، بەڵام ئەوان ناتوانن هەرێم لاواز بكەن، ئەوەی بەغدا دەیكات زۆر نایاساییە و سیاسەتێكی خراپ دژی كوردستان دەیكات.
هەروەها گوتی، ئەوەی بەغدا دەیكات شتێكی خراپە و مووچە پێوەندیی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، بۆیە بەغدا دۆخێكی خراپی لە هەرێمی كوردستان دروست كردووە، ساڵی رابردووش سێ مووچەی هەرێمی كوردستانی رەوانە نەكرد، كە بەغدا لە وادە و كاتی خۆی مووچە و پارە نانێرێت، هەرێم سزا دەدا و دەیەوێ گوشاری زیاتر لەسەر حكوومەتی هەرێم دروست بكات، ئەو گوشارانە بۆ ئەوەیە هەرچی بڕیاری خۆی هەیە بەسەر هەرێمی كوردستانی بسەپێنێت.
هەر پێوەست بە دواكەوتنی مووچە، عەفان كامیل، فەرمانبەر بە "وشە"ی راگەیاند، ئەگەر بەغدا باشتر بێت، بۆ فەرمانبەری خۆی باشە نەك بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كە بەغدا بڕیاری دژایەتیی ئەوانی داوە، یان بیەوێ تۆڵە لە كورد بكاتەوە و هیچ كات فەرمانبەران ناخوێنێتەوە، بۆیە كەسانی شارەزا و سیاسی دەڵێن كە بەغدا باش نییە، بەڵام ئەوانەی كە هیچ نازانن دەڵێن بەغدا باشترە.
زیاتر گوتی، دەمێكە بەغدا خۆی بۆ هەرێمی كوردستان یەكلا كردووەتەوە و دژایەتی دەكات، كۆمەڵێكیش بەبێ ئەوەی پێش و پاشی خۆیان بزانن، دوای شتێك كەوتوون كە هیچ زانیارییان لەبارەوەی نییە و هیچ لەبارەی بەغدا و سیاسەتەكانی نازانن، كەچی دەڵێن بەغدا باشترە.
سلێمانی/ تایبەت