رێكخراوی تەندروستیی جیهانی باس لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەك لە كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی دەكات كە بە "نەخۆشییەكی نادیار" وەسفی دەكات، بۆ ئەوەیش هۆشداریی دەدات لەوەی ئامادەكاری بكرێت لە بڵاوبوونەوەی بۆ وڵاتانی تر بەتایبەتی وڵاتانی ئەفریقا.
پێگەی "عەرەبیە" كە هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، بەپێی گوتەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، نەخۆشییەكی نادیار كە بەزۆری منداڵانی لە كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی لە گرتووەتەوە، تووشی بەدخۆراكییەكی مەترسیدار بوون، بۆیە ئەو رێكخراوە ژمارەیەك لە پسپۆرانی خۆی بۆ ئەو ناوچەیە ناردووە تا لێكۆڵینەوە لەو نەخۆشییە بكەن.
رێكخراوەكە دوێنێ بڵاوی كردەوە، 406 كەس كە تووشی ئەو نەخۆشییە بوون، لە 24ی ئۆكتۆبەرەوە تا پێ،جی دیسێمبەر تۆمار كراون، لەناویاندا 31 نەخۆشیان گیانیان لە دەست داوە. تا ئێستەیش هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە دەستنیشان نەكراوە.
ماچیدیسۆ مۆیتی بەڕێوەبەری هەرێمیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە ئەفریقا رای گەیاند، كاری یەكەمی ئەوان پاڵپشتیی ئەو خێزانەیە كە نەخۆشی لەو جۆرەیان هەیە و بەهۆیەوە زیانیان پێ گەیشتووە.
ئەوەشی گوت كە هەموو تواناكانیان دەخەنەگەڕ تا هۆكاری نەخۆشییەكە دەستنیشان بكەن و رێگریی رژدی لێ بكەن، نەك بگوازێتەوە بۆ وڵاتانی تر. دوای دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە، پێشبینی دەكرێ چارەسەرەكەشی مەحاڵ نەبێت.
دواتریش رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی جۆری نەخۆشییەكە و نیشانەكانی رای گەیاند، نەخۆشییەكە هەموو تەمەنەكان دەگرێتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستە روونە، زۆربەی نەخۆشەكان منداڵانن. ئەوانەی تووشی دەبن، سەرئێشە و كۆكین و تا و هەناسەسواری و كەمخوێنیان تووش دەبێت، دواتریش بەهۆیانەوە تووشی كەمخۆراكی دەبن و خواردنیان پێ ناخورێت.