لە هەولێر هاووڵاتییەك فێڵێكی سەیری لێ كراوە، كلێنس و كاغەزی بەناوی ئایفۆن دراوەتەوە و لە بەرانبەردا پێنج هەزار دۆلاری داوە بە فێڵبازەكە و دوای تۆماركردنی سكاڵاش، لە ماوەیەكی كەمدا تۆمەتبار لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە گیرا.
ئەمڕۆ سێشەم 14ی كانوونی دووەمی 2025، لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێردا هاتووە، هاووڵاتییەک لە هەولێر لە ڕێگەی پەیجی ئۆنلاینەوە داوای پێنج مۆبایلی جۆری ئایفۆنی کردووە بە بڕی "پێنج هەزار دۆلار" و کۆی پارەکەیشی ڕادەست کردووە.
"بەڵام لە کاتی وەرگرتنی داواکارییەکەی بە دیلیڤەری، لەجیاتی مۆبایل، کلێنس و کۆمەڵێک کاغەزی تێدا بووە و فێڵی لێ کراوە، بۆیە تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر توانیمان لە ماوەیەکی کەمدا شوێنی تۆمەتبار بەناوی (م.أ.م) بدۆزینەوە و بیگرن". لە راگەیەنراوەكەدا وا هاتووە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە كە تۆمەتبار لە کاتی ئێستەدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و دراوەتە دادگا، داواکاریشین هاووڵاتییان لە کاتی مامەڵە و کڕینی کاڵا و کەلوپەل بە شێوەی ئۆنلاین، هۆشیار بن، بۆ ئەوەی فێڵیان لێ نەکرێت.