سیاسەتوانێك: گۆڕانكاری لە عێراق بە هەنگاو دەبێت

:: PM:09:54:14/01/2025 ‌

ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە گۆڕانكاریی گەورەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە، ئەوە بەر لە چەند رۆژێك لە دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی، كە چاوەڕوان دەكرێت درێژە بە گۆڕانكارییەكان بدات و رەنگە عێراقیش بگرێتەوە، سیاسەتوانێكی سوننەی عێراقی ئاماژە دەكات كە هێزە سیاسییەكانی عێراق بەرگری لە میلیشیاكان ناكەن، بەڵام ترسیان لەوە هەیە لە كاتی هەڵوەشانەوەیان هەڕەشە بكەوێتە سەر پرۆسەی سیاسی.

ئەسیل نوجێفی سەركردە سوننە پێی وایە دۆسیەی میلیشیاكان لە عێراق زۆر ئاڵۆزە و ئەوان لە لایەن دەسەڵاتی شەرعییەوە دێنە پاراستن، خۆیان دەدزنەوە و چاوەڕوانی گۆڕانكارییەكی نێودەوڵەتی بۆ مانەوەیان دەكەن، هێزە سیاسییە عێراقییەكانیش ئەوەندە بەرگریان لێ ناكەن، بەڵام ترسیان هەیە لە كاتی هەڵوەشانەوەیان هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتیان و پرۆسەی سیاسی دروست ببێت، كە ئەگەر گەرەنتی ئەوە هەبێت سیستمی سیاسی ناكەوێتە مەترسییەوە، ئەوان قبووڵی هەڵوەشانەوەیان دەكەن.

روونی كردەوە، پێم وا نییە گۆڕانكاری لە عێراق ریشەیی و كتوپڕ بێت، بگرە بەهەنگاو دەبێت، چونكە سیستمی ئێستەی عێراق لەسەر بنەمای هەڵبژاردن دامەزراوە و زەحمەتە لایەنێكی تر جگە لەو رێگەیە بگاتە دەسەڵات، بەتایبەتی كە سەردەمی كودەتای سەربازی نەماوە، ئەوەی هەیە ئەو هێزانەی ساڵانی رابردوو پشتیان بە ئێران دەبەست، خەریكە دەستكەوتیان نامێنێت و هێزەكانی پەراوێز خرابوون شوێنیان دەگرنەوە و خەڵك پاڵپشتییان دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر دەمێنن و بەشێكن لە دۆخەكە.

نوجێفی پێی وایە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی واتە پەرەسەندن و گوشاری زیاتری ئابووری بۆ سەر ئێران، رەنگە عێراق ناراستەوخۆ زیانی بەر بكەوێت، بەتایبەتی ئەگەر واشنتن سزای خستە سەر پارەی غازی ئێران و حەواڵەی دەرەكیی دۆلارەوە، بۆیە رەنگە ئەمەریكا گوشاری ئابووری وەك ئامرازێك بۆ ناچاركردنی عێراق بۆ گۆڕانكاریی سیاسی و تەناهی بەكاربێنێت و بەغداش قبووڵی بكات.       


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل