مەسروور بارزانی بڕیارێكی گرنگی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان واژوو كرد

:: PM:03:33:15/01/2025 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا بە قیستكردنی ئەو پارانەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت كە زێدەڕۆییان كردبوو بۆ سەر موڵكی گشتی، بەمەبەستی نیشتەجێبوون بەكار هاتووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی كانوونی دووەم، بەپێی بڕیارێكی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕیاری دا بە بەقیستكردنی ئەو بڕە پارەیەی كە وەك "بدل تملیك" وەردەگیرێت لە هاووڵاتیی زێدەڕۆكار، كە بەمەبەستی نیشتەجێبوون خانوویەكی زێدەڕۆی دروست كردووە لەسەر زەوی موڵكی گشتیی سنووری شارەوانییەكان، لە بنەڕەتدا بەمەبەستی نیشتەجێبوون تەرخان كراوە، ئەوەیش بەمەرجی هەبوونی سەرجەم مەرج و پێداویستی و رێكارەكانی هاتوو لە یاسای ژمارە 3 ساڵی 2019 " یاسای بە خاوەنكردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەكان زیادەڕۆییان لەسەر كراوە لە هەرێمی كوردستان".

لە بڕیارەكەدا هاتووە، پێویستە زێدەڕۆكار كە حوكمەكانی یاساكە دەیگرێتەوە، پێشەكی رێژەی 1/3 سێ‌ یەكی "بەدەل تەملیك"ی زەوییەكە بدات بە شارەوانیی تایبەتمەند، ئەو بڕە پارەیەی دەمێنێتەوە پێویستە بە سێ‌ بەركەوتە یەكسان بدات بەمەرجێك ماوەكەی لە دوو ساڵ تێپەڕ نەكات.

ئاماژە بەوەش كراوە، بەمەبەستی سوودوەرگرتن لەو بڕیارە، پێویستە زێدەڕۆكار بەڵێننامەی پەسندكراو پێشكەش بكات بۆ پابەندبوون بە پێدانی بەركەوتەكان لە كاتی خۆیدا، بە پێچەوانەوە قیستكردنەكە هەڵدەوەشێتەوە، دەبێت تەواوی پارەكە بدات.








وشە - رامیار جەواد