وەزارەتی دارایی: عێراق 48%ی شایستەی بە 52 گوژمە ناردووە

:: PM:04:22:15/01/2025 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زانیارییەكی تری لەبارەی ناردنی بودجە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە. 

وەزارەتەكە دەڵێ‌، وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنیا لە 48%ی شایستەی لە بەشە بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2024 بە 52 گوژمە ناردووە.

"بەپێی كشف حسابی بانكیمان لە بانكی ناوەندی عێراق لقی هەرێم/هەولێر، لە تەواوی ساڵی رابردوودا وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ لە كۆی (20,910,463,950,000) تەنیا (10,026,883,544,589) دیناری ناردووە كە دەكاتە تەنیا 48%ی كۆی شایستەكانی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق.

ئەوان دەڵێن، لە ساڵی 2024 وەزارەتی دارایی فیدراڵ یەك دیناری بۆ خەرجی بەكارخستن و وەبەرهێنان بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە، ئەو تەمویلەشی بۆ مووچە ناردویەتی بە نزیكەیی دەكاتە مووچەی 10 مانگی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە تێكڕای ساڵەكە، ئەو پارەیەشی ناردوویەتی بە پچڕپچڕ و بە 52 گوژمە گەیشتووەتە سەر هەژماری بانكی وەزارەت.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم