دواهەمین هەناری دونیا بە رووسی بڵاو دەكرێتەوە

:: AM:11:00:03/02/2025 ‌
لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەختیار عەلی گرێبەستێكی لەگەڵ بڵاوكراوەی"پۆلیاندریا"ی ڕووسی لە پێترسبورگ بۆ بڵاوكردنەوەی ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا واژوو كرد. بە گوتەی نووسەر، ئەو رۆمانە بۆ سەر هەشت زمان هاتووەتە وەرگێڕان.

ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا پێشتر كراوەتە "عەرەبی، فارسی، توركی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیتالی، فڕەنسی"، ئەم رۆمانە لە رۆمانە بەناوبانگەكانی بەختیار عەلی رۆماننووسی ناسراوی كوردە.

بەختیار عەلی ساڵی رابردوو لە رێوڕەسمێكدا لە هایدلبێرگی ئەڵمانیا، خەڵاتی "هێلدا دۆمین"ـی پێ بەخشرا. خەڵاتەكە تایبەتە بەو نووسەرانەی تاراوگە كە لە ئەڵمانیا بابەتی ئەدەبی دەنووسن و بڵاو دەكەنەوە. ساڵانە لەلایەن دامەزراوەی هێلدا دۆمینەوە دابین دەكرێت و سێ ساڵ جارێك دەبەخشرێتە نووسەرێكی ئەدەبی.
  
   بەختیار عەلی لە 1960 لە سلێمانی لە دایك بووە. رۆماننووس، شاعیر و رۆشنبیری كوردە، لە 1994 كوردستانی جێهێشتووە و رووی لە ئەوروپا كردووە، یەكەم رۆمانی بەناوی "مەرگی تاقانەی دووەم" لە 1997 بڵاو كردووەتەوە، 12 رۆمانی تری نووسیوە، وەك: "ئێوارەی پەروانە"، "شاری مۆسیقارە سپییەكان"، "داگیركردنی تاریكی"، "جەمشید خانی مامم كە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد"، "غەزەلنووس و باغەكانی خەیاڵ"، "كەشتیی فریشتەكان"، "بەندەر فەیلی"، "كۆشكی باڵندە غەمگینەكان" و "هەورەكانی دانیاڵ". دوایین رۆمانی بەناوی "نەفرەتی نەوبەهاران" لە 2024 بڵاو كردووەتەوە.
 
جگە لە نووسینی رۆمان، لە ژانری شیعریشدا خاوەنی حەوت بەرهەمە، ئەویش "گوناھ و كەرنەڤاڵ"، "بۆھیمی و ئەستێرەكان"، "ئیشكردن لە دارستانەكانی فیردەوسدا"، "تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشتە-كۆ بەرهەم"، "ئەی بەندەری دۆست.. ئەی كەشتی دوژمن"، "شەوێك ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەی شێت" و "ئەگەر یاخییەكان نەمێنن".

نووسەر لە بەشێكی دواهەمین هەناری دونیادا دەڵێت: سەری دانەواند و بە زەردەخەنەیەكی گاڵتەجاڕەوە گوتی، بیرتە ئەی دۆست بیرتە، دەمانگوت كە شۆڕش سەركەوت، خەڵوەتێك دروست دەكەین، ژیانێكی خنجیلانە و پاك، هەموو هێزی خۆمان تەرخان دەكەین بۆ تامكردنی جوانییەكانی سروشت، ئا… ئا، هەموو هێزی خۆمان. بۆ تامكردنی جوانی گوڵ، جوانی شەو، جوانی ئەو شتانەی كە كەس جوانیان نابینێت، بیرتە، بیرتە ئەی دۆست؟



وشە - سۆران عەزیز