"پێویستە ئاگامان لەوە بێت بەغدا فێڵمان لێ نەكات و وەزارەتی دارایی لێزانانە كار بكات"

:: PM:09:52:03/02/2025 ‌

د. بەشیر حەداد جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ "وشە"، باس لە رێككەوتنەكەی دوایی حكوومەتی هەرێم و بەغدا دەكات لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دووپاتی دەكاتەوە كە كاری حزب نییە لەگەڵ حكوومەت مامەڵە بكات، بەڵكو چارەسەری كێشەكان و رێككەوتن و دانوستان لەگەڵ بەغدا كاری حكوومەتی هەرێمە.

*بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا چۆن رێككەوتن دەكرێت؟

  پێویستە حزب و لایەنە سیاسییەكان لە چوارچێوەی پێوەندیی سیاسی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان مامەڵە بكەن، بۆ نموونە پارتی و یەكێتی و هەر لایەنێكی تر لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی یان لە كۆبوونەوەكانی ئیدارەی دەوڵەت كە بەشدارن، لەوێ رێككەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بكەن، ئەوانیش لەگەڵ لایەنەكانی خۆیان دووپاتی دەكەنەوە بۆ پتەوكردنی پێوەندییەكانی هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق.

*كاری كۆتایی و رێككەوتن حكوومەت دەیكات یان حزب؟

 كە ئیشەكە هاتە سەر گفتوگۆ و دانیشتن و كۆبوونەوە و قسەكردن و رێككەوتن، ئەوكات ئەوە كاری حكوومەتە، واتە رێككەوتن لەگەڵ حكوومەت یان دانوستان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم، ئەمە كاری حزبێك نییە بیكات و كاری حكوومەتە.

*تا چەند لە رابردوو حزب كێشەی بۆ رێككەوتن و چارەسەرەكان دروست دەكرد؟

بەڵێ، لە رابردوو كێشەی ئەوەمان هەبوو هەندێك لایەنی سیاسی بە تەنیا دەچوونە بەغدا و لەوانەیە ئەو شتانەی كە حكوومەتی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەیكرد، هەندێك لایەن لەگەڵ دانیشتن و پێوەندییەكانی خۆیان هەوڵیان دەدا لەگەڵ حكوومەت بیكەن، تەگەرە و كێشەیان دەخستە جێبەجێكردنەكە.

*تا چەند دەسەڵاتی رێككەوتن لە دەستی حكوومەتی هەرێمە؟

 كۆبوونەوە لەگەڵ حكوومەت یان رێككەوتن و دانوستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، حكوومەت ئەو كارە دەكات و رێككەوتن دەكات، دانوستان دەكات، چونكە حكوومەت لەگەڵ حكوومەت رێككەوتن دەكات، حكوومەت لەگەڵ لایەنی سیاسی ئەو كارە ناكات.

*ئەم رێككەوتنەی كراوە، تا چەند دڵخۆشكەر و كۆتایی بە كێشەكان دێنێت؟

رێككەوتن زۆر باشە و خەڵك دڵی پێی خۆش دەبێت، وەك چۆن رێككەوتوون بەو جۆرە جێبەجێ بكرێت و ئەمساڵ كێشە دروست نەبێت، زۆریش باشە، دەستخۆشی لە شاندی حكوومەت دەكرێت كە چەندین رۆژە لە هەوڵدایە لەگەڵ حكوومەتی عێراق و ئەوان ماندوو بوون، بەڵام ئەمە عێراقە و تا ئێستە هیچ رێككەوتنێكی تا سەر جێبەجێ نەكردووە، بۆیە دەبێت ئەم گەشبینییە بە هۆشدارییەوە بێت، هەردەم ئاگامان لەوە بێت بەغدا فێڵمان لێ نەكات، پێویستە وەزارەتی دارایی هەرێم بە لێزانانە كار بكات بۆ ئەوەی هیچ بیانووێك نەدەن بە دەستەوە، لە پێدانی داتا و زانیارییەكان، چونكە سیستمی دارایی بەغدا كە كاری لەسەر دەكات جیاوازە، خۆگونجاندن لەگەڵ سیستمی بەغدا ئاسان نییە، پێویستە وەزارەتی دارایی زۆر وریایانە كارەكان بكات.

*لە رووی سیاسییەوە پێویستە لایەنەكانی هەرێم چی بكەن؟

بەڕاستی پێویستیمان بە یەكدەنگیی سیاسی لە هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ ئەوەی بەغدا نەتوانێ خۆی بدزێتەوە و گرفتی تر دروست بكات، یەكدەنگی بۆ كورد و كوردستان زۆر گرنگە و یەكڕیزی لە بەرژەوەندیی كوردستانە.

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل