وەزیری نەوتی عێراق: دەستمان بە رێكارەكانی دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كردووە

:: PM:10:31:03/02/2025 ‌
وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند، لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستمان بە رێكارەكانی دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردووە و نووسراویشمان بۆ ئەمە بۆ كردوون. 

ئەمڕۆ دووشەم سێی شوباتی 2025، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی حكوومەتی فیدراڵ لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراق رای گەیاند، وەزارەتی نەوت دەستی بە رێكارەكانی دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردووە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و نووسراویشمان بۆ كردوون بۆ رادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی "سۆمۆ". 

وەزیری نەوت ئاماژەی داوە، لە توانای حكوومەتی فیدراڵە لەوەی كە دەتوانن نەوت و بەرهەمە نەوتییەكانی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای نەوتی سۆمۆوە بەبازاڕ بكەن. 

زیاتر ئاماژەی داوە، چەند رێكارێكیش لەگەڵ حكوومەتی توركیا گیراوەتە بەر بۆ ئامادەكردنی هێڵی نەوتی عێراق - توركیا لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە. 

وەزیری نەوت لەبارەی بڕی بەرهەمی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە باسی لەوە كردووە، رۆژانە 300 هەزار بەرمیل كەمتر نییە و بەم شێوەیە لە نێوان هەردوو حكوومەت رێكەوتن كراوە. 

دوێنێ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیان دا لەسەر هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ و لای خۆشییانەوە هەر یەك لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ پێشوازیان لەم هەنگاوە كرد و بە هەنگاوێكی ئەرێنی وەسف كرا و لەمبارەوە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا رای گەیاند بوو، هیوادارین ئەم هەنگاوە ئەرێنییەی هەموارکردنی یاسای بودجە، ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی تر و پابەندبوونی حکوومەتی فیدراڵ بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.


وشە - پۆڵا مەحموود