چاوەڕوان دەكرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ئۆجەلان لەبارەی زۆر شتەوە بانگەوازێك بڵاو بكاتەوە، مەزڵووم عەبدیش گوتی: بەشێك لە بانگەوازەكەی لەسەر رۆژئاوای كوردستان دەبێت. چاودێرێكی دۆخی كوردیش دەڵێت: دوای بانگەوازەكە زۆر شتی نوێ دێنە گۆڕین.
تونجەر بەكرهان هاوسەرۆكی دەم پارتی رای گەیاند، ئێستە عەبدوڵا ئۆجەلان خۆی بۆ بانگەوازێكی مێژوویی ئامادە دەكات و لە چەند رۆژی داهاتوودا بانگەوازەكەی بۆ رای گشتی بڵاو دەكاتەوە.
بەكرهان لە گوتاری هەفتانەی فراكسیۆنەكەیدا لە پەرلەمانی توركیا رای گەیاند، دەبێت حكوومەت بەرپرسیارێتیی خۆی بۆ بانگەوازەكە لە ئەستۆ بگرێت و بەدەم بانگەوازەكەوە بچێت.
لەبارەی چەكدانان گوتی، بە دانانی قەیوم لەسەر شارەوانییەكانمان و پێشاندانی چەك لە بەرانبەرمان، ئاشتەوایی و بانگەوازی چەكدانان ناكرێـت، كەس بە ئێمە نەڵێت: پرۆسەیەك لە ئارادا هەیە كاتێك ئێوە قەیوم لەسەر شارەوانییەكانیمان دادەنێن.
هاوسەرۆكی دەم پارتی دەڵێت، هەوڵەكان بۆ پەكخستنی پرۆسەی دەستپێكردنەوەی دیدارەكان لەگەڵ ئۆجەلان بەردەوامە، بەڵام توركیا لەلایەك باسی ئاشتی دەكات، لەلایەكی ترەوە بۆردمان خەڵكی سڤیل لە رۆژاڤای كوردستان دەكات و هاووڵاتی سڤیل دەكاتە ئامانج.
بە گوتەی بەرپرسانی دەم پارتی و توركیاش، ئۆجەلان لە 15ی ئەم مانگەدا بانگەوازێك بڵاو دەكاتەوە، توركیا چاوی لەسەر ئەوەیە كۆتایی بە پارتی كرێكارانی كوردستان بهێنێت و پێیان بڵێت: چەك دابنێن، بەڵام بەبڕوای چاودێران ئۆجەلان بەمەرج ئەوە دەكات.
نازم كەرەكووش كە چاودێرێكی توركیایە و شارەزای كێشەی كوردە و چەندان ساڵە لە بواری كوردناسیدا كار دەكات، لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" گوتی، ئۆجەلان لەسەر هەسەدە و پەكەكە و كێشەی كورد لە هەردوو پارچەكەی كوردستان بانگەواز دەكات.
بەبڕوای كەرەكووش بۆ رۆژئاوای كوردستان ئۆجەلان باسی ئەوە دەكات، هەسەدە خۆی لەناو هێزەكانی سووریادا چارەسەر بكات، بەڵام ئەوەش پێویستی بە كات و وردەكاریی هەیە، توركیاش بەوە رازی بووە و پێی خۆشە هەسەدە بێتە ژێر چەتری دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا.
نازم دەڵێت: ئایا دەكرێت كورد دوای ئەو هەموو قوربانییە لە رۆژئاوای كوردستان، وا بەئاسانی خۆی رادەستی سووریای نوێ بكات، هەر خۆشی وەڵام دەداتەوە كە بەمەرجی ئەوەی هێزەكانی شوێنێكی سەنگینیان لەناو هێزەكانی سووریادا هەبێت، بۆ نا.
لەبارەی ئیدارەی خۆسەرەوە نازم گوتی: ئیدارەكە بەجۆرێك وەك خۆی دەمێنێتەوە و سووریاش بەوە ڕازییە، بەڵام سنوورەكان بەهاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا كۆنترۆڵا دەكرێت، ئەمەش بۆ توركیا گونجاوە و هەست دەكرێت ئەوەی پێ باش بێت.
لەبارەی دۆخی باكوری كوردستانەوە، ئەو چاودێرە رای گەیاند، كورد لە توركیا داوای زمان و پەروەردە و هەندێك مافی كولتووری دەكەن، توركیا لەوە گەیشتووە ئەوە نەكات داهاتووی باش نابێت، بۆیە بەبڕوای من ئەوە روو دەدات، بەڵام كەی؟ رەنگە كاتی بوێت.
نازم كەرەكووش لەبارەی بانگەوازەكەی ئۆجەلان و كۆتایی پەكەكە دەڵێت: ئۆجەلان لەوە دەگات ناتوانرێت وا بەئاسانی ئەو هێزە كۆتایی پێ بهێنرێت، مەگەر توركیا كۆمەڵێك گۆڕانكاریی بكات، بڕوام وایە مەرجی كۆتاهێنانی ئەو هێزە دەبەسترێتەوە بەو مافە كولتووری و نەتەوەییانەوە.
لەبارەی بانگەوازەكەوە فەرماندەی گشتیی هەسەدەش لە گفتوگۆیەكیدا ئاماژەی بەوە دا، بەشێكی بانگەوازەكەی ئۆجەلان لەسەر رۆژئاوای كوردستان دەبێت، بەڵام بەوردی نازانم چی تێدایە.