ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی كوشتنی شاعیری پایەبەرز كورد ئەحمەد موختار جافە كە لە شەشی شوباتی 1935، لەلایەن كەسانێكی نەناسراو تیرۆر كرا و لە گۆڕستانی عەبابەیلێی نزیك هەڵەبجە بەخاك هاتە سپاردن.
ئەحمەد موختار بەگی جاف شاعیر و چیرۆكنووسێكی گەورەی كوردە، لە رێگەی ئەدەبەوە خزمەتێكی زۆری نەتەوەكەی كردووە و تا ئێستە شیعرەكانی دەگوترێنەوە و دەكرێنە گۆرانی.
لەخەو هەستن میللەتی كورد درەنگە خەو زەرەرتانە
هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە
دەسا تێكۆشن ئەی قەومی نەجیبی بێكەسی مەزڵووم
بەكورتی بیبڕن ئەو رێگە دوورەی وا لەبەرتانە.
ناوی ئەحمەد بەگی عوسمان پاشای محەمەد پاشای كەیخوسرەو بەگی جاف كە بە ئەحمەد موختار بەگی جاف ناسراوە، لە ساڵی 1898 لە هەڵەبجە لە دایك بووە، باوكی كەسایەتییەكی دیاری ناوچەكە بووە، عادیلە خانمی دایكیشی بەهەمانشێوە ژنێكی هەڵكەوتوو بووە.
لە هەڵەبجە خراوەتە بەرخوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی لەوێ خوێندووە، لە رێگەی مامۆستای تایبەتەوە زمان و ئەدەبی عەرەبی و فارسی و توركی و ئینگلیزی خوێندووە.
ئەحمەد موختار كەسایەتییەكی دیاری كۆمەڵایەتی و ئیداریش بووە و ماوەیەك قایمقامی هەڵەبجە بووە، ماوەیەكیش ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە.
جگە لە شیعر، ئەحمەد موختار چیرۆكیشی نووسیوە و لەو بوارەدا بەپێشەنگ و ڕچەشكێن دادەنرێ، خاوەنی چیرۆكی "مەسەلەی ویژدان"ە و لە كۆتایی بیستەكانی سەدەی رابردوودا نووسیویەتی و تا ئێستەش یەكێكە لە بەناوبانگترین چیرۆكەكان.