نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆكەوە، بۆردمانی دۆڵی ژاژۆڵان و كوێرەكانی و كێوی كوریس لە سنووری گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەتی پارێزگای سلێمانی كرا و شەهید و بریندار هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوبات، سەرچاوەیەك بە "وشە"ـی راگەیاند، فڕۆكە بۆردمانی دۆڵی ژاژۆڵان و كوێرەكانی و كێوی كوریس لە سنووری گوندی گەڵاڵە لە ماوەتی پارێزگای سلێمانی كرد.
زیاتر گوتی، سێ شوێن بە فڕۆكەی جەنگی كراونەتە ئامانج، بەڵام بەهۆی مەترسیی دووبارەبوونەوەی هێرشەكە و بارینی بەفرێكی زۆر، كەس ناتوانێت بچێتە شوێنی بۆردمانەكان.
ئاماژە بەوەش كرد، ئەو شوێنانەی بۆردمان كراون، رەز و باخی هاووڵاتییانن و بەهۆی مەترسییەوە ناتوانن بچنە شوێنەكە، بۆیە تا ئێستە بەوردی زیانەكان و ژمارەی كوژراو و برینداران نازانرێت.
ئەوە لە كاتێكدایە ماوەی دوو ساڵە توركیا بە گومانی بوونی چەكدارانی نایاسایی، زیاتر لە 20 جار ئەو شوێنەی بۆردمان كردووە.