قاچاخچێتی لە سنووری یەكێتی بەردەوامە، بەرپرسانی ئەو سنوورە رێز لە واژووی وەزیرێكی یەكێتیش ناگرن كە بڕیاری راگرتنی هاوردەی تەماتەی داوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوبات، عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری كوردستان رای گەیاند، ئەو بارهەڵگرە پڕ لە تەماتەیەی كە هۆكار بوو بۆ گیان لەدەستدانی وریا حەمەكەریم، بە قاچاخ داخل كراوە.
زیاتر گوتی، داخلكردنی ئەو بارە بە سێ هەزار و 50 دۆلار بووە كە لەلایەن بەرپرسانی یەكێتی لەو سنوورە وەریان گرتووە، ئێستە 18 بارهەڵگری تر چاوەڕوانن داخلكردنیان بۆ بكرێت و بهێنرێن بۆ سنوورەكە.
ئەوە لە كاتێكدایە ئەو كارە نایاساییە بە هاوئاهەنگی دەكرێت و كەسەكە دەچێتە بازاڕی دۆلارەكە، پارەكە لە نووسینگەیەك دەدات و سەرجەم كارەكانیان بۆ رایی دەكرێت، هەرچی باری قاچاخە دەتوانێت داخلی بكات.
بەپێی بڕیارێكی 14 ڕۆژ پێش ئێستەی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ، هاوردەی تەماتە قەدەغە بووە، ئەو رووداوەش ئەو راستییەی ئاشكرا كرد كە هێنانی باری قاچاخ لە سنووری یەكێتی بەردەوامە و هەرچی كاری نایاساییە دەكرێت.
بەیانیی ئەمڕۆ میدیاكانی سلێمانی باسیان لەوە كرد كە ڕووداوی هاتوچۆكە ڕووداوێكی ئاسایی بووە، بەڵام زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و چالاكان گومانیان لەو ڕووداوە هەیە.