لیژنەی باڵای چاودێری و بەدواداچوونی كوالێتیی بەنزین، سەردانی مەیدانی چاودێری چڕی بەنزینخانەكان دەكات و هەر سەرپێچییەك هەبێت ئەوا سزاكەی تا داخستن دەچێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوبات، سەركەوت عزەدین ئەندامی كۆمەڵەی بەنزینخانەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بوونی بەنزینی 750 دیناری بۆ هاووڵاتییان زۆر گرنگە و بازاڕیش كۆنترۆڵ دەكات.
زیاتر گوتی، لیژنەكانی بەدواداچوون بەردەوامن لە چاودێریی بەنزینخانەكان بە تایبەت ئەوانەی بەنزینی حكوومی دەفرۆشن، تا لە بازاڕ نەیفرۆشن و بازرگانی پێوە نەكەن.
ئاماژەی بەوەش كرد، سزا لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆە ئەو بەنزینخانانە دانراوە و سزاكە تا داخستن دەچێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڵاوی كردووەتەوە، بۆ درێژەدان بە بەدواداچوونی لیژنەی باڵای چاودێری و بەدواداچوونی كوالێتی و بەڕێوەچوونی كاری دابەشكردنی بەنزینی نۆرماڵی (750) دیناری، لیژنەی باڵای چاودێری و بەدواداچوونی كوالێتی و بەڕێوەچوونی كاری دابەشكردنەكە، سەردانی پارێزگای دهۆك و سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی كرد.
لیژنەكە سەردانی مەیدانیی چەند بەنزینخانەیەك كرد كە بەنزینی نۆرماڵی (750 ) دیناریان پێ دەدرێت.