ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا لە پەرۆشترین كەسەكانی دنیایە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، ئەو دەیەوێ شەڕی ئۆكراینا بوەستێت، كە بووەتە سەرچاوەی نەهامەتییەكی گەورەی ئابووری بۆ وڵاتەكەی، ئەو بەڵێنەكەی ترەمپ بە هەلێكی زێڕین دەزانێت بۆ وەستانی شەڕەكە، بەرپرسێك و چەند سەرچاوەیەكی رووسی كات و شوێنی گریمانكراوی دیداری چاوەڕوانكراوی ئەو دوو سەركردەیە ئاشكرا دەكەن.
ئامادەسازییەكان بۆ دیداری ترەمپ و پوتین گەیشتووەتە ئاستێكی پێشكەوتوو، وەك لیۆنید سلوتسكی سەرۆكی لیژنەی كاروباری نێودەوڵەتی لە پەرلەمانی رووسیا ئاماژە دەكات، ئاژانسی فەرمیی هەواڵەكانی رووسیا لەو بەرپرسەی گواستەوە كە هەریەك لە ترەمپ و پوتین بەمنزیكانە كۆ دەبنەوە، لە ماوەی ئەم مانگە یان مانگی ئاداری داهاتوو.
زیاتر گوتی، دیدارەكە پێویستیی بە ئامادەسازیی رژد هەیە و گەیشتووەتە ئاستێكی پێشكەوتوو، ئەوان باسی چەند پرسێكی گرنگ دەكەن، لەوانە كۆنترۆڵكردنی چەكی ئەتۆمی و نرخی وزە لە دنیا و بەڵێنەكانی ترەمپ بۆ كۆتاهێنان بەپەلە بە شەڕی ئۆكراینا، باسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەكەن.
ئەمە و دوو سەرچاوەی ئاگەداری رووسی ئاشكرایان كرد كە كۆبوونەوەی لووتكەی نێوان ترەمپ و پوتین لە سعوودیە یان لە ئیمارات ساز دەكرێت، ئەگەرچی هیچ لەو دوو وڵاتە و رووسیا و ئەمەریكاش دووپاتیان لەو زانیارییانە نەكردەوە.