ڕەنگە پێت وا بێت لە ناونیشانەكەدا هەڵەی تایپ كرابێت و مەبەستمان لە 45 ساڵ بێت، بەڵام ئەوەی نووسراوە ڕاستە، بەڵكوو بە تەواوی دادگەی وڵات بۆ ماوەی 45 هەزار و 376 ساڵ و شەش مانگ سزاكەی بۆ دیاری كردووە.
محەمەد ئایدن، دامەزرێنەری "چیفتلیك بانك" لە ساڵی 2016ـەوە خەریكی فێڵكردنە لە خەڵكی و پارەیان لێ وەردەگرێت بە ناوی ئەوەی قازانجێكی زۆریان دەداتەوە و بۆ ئەمەش هەزاران كەسی تووش كردووە.
چیفتلیك واتە كێڵگەی ئاژەڵ، گوایە ئەو كەسانەی پارەیان داوە، لە كێڵگەیەكی گەورەدا كە هەر نییە، ئاژەڵی بۆ كڕیون لە خێروبێری ئەو ئاژەڵدارییە پارەكەیان دەداتەوە. هەڵبەت سەرەتا چەند بەشێك پارەیان وەرگرتووە تا زیاتر پارەی تری بۆ بنێرن و ئیدی ڕاوەستاوە و بەم شێوەیە چەندان ساڵ هێنان و بردنی پێوە كردوون.
محەمەد ئایدن تەمەنی 34 ساڵە و لەدایكبووی شاری بۆرسەیە، برایەكی گەورەی هەیە بەناوی فاتیح، ئەویش دەستی هەبووە لە بەڕێوەبردنی تەڵەكەبازییەكەیدا.
وەك میدیاكانی توركیان ئاماژەیان پێ داوە، زیاتر لە 131 ملیۆن دۆلاری لە خەڵك وەرگرتووە. ئەو خەڵكەش كە پارەكەیان داوە لە 130 هەزار كەس زیاترن و هێشتا لێكۆڵینەوەش تەواو نەبووە.
خۆی داواكاری گشتی داوای گرتنی محەمەد و فاتیحی برایان بۆ 75 هەزار ساڵ كردبوو، ئیدی كەم كرایەوە بۆ 45 هەزار ساڵ.
خۆی ئەم دۆسییەیە كۆنە، ساڵی 2018 ئاشكرا كرا و بە بڕیاری دادگە گرتنی بۆ دەركرا، بەڵام بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵاتبوو، تا ساڵی 2021 خۆی ڕادەست كرد و ئێستەش پاش كۆكردنەوەی زۆربەی دۆسییەكەی، ئەو بڕیارەی بۆ دەركرا.