بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رای گەیاند، تۆمەتبارێكی كوشتنی دایك و كوڕێك لە بەغدا كە فەرمانی گرتنی لە دادگای كەرخ هەبووە، لە شاری هەولێر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەیانەوە گیراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 10ی شوباتی 2025، لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، دوای ئەوەی لە لایەن بەشی پێوەندییەكانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادار کراینەوە، کە لە ڕێکەوتی حەوتى کانوونى دووەمى 2025 دوو تۆمەتبار لە شاری بەغدا هەڵساون بە ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی (دایک و کوڕێک)، بە ناوەکانی (عەلی سەعدی عەلوش) و(ساميه عەبدوڵا جەعفەر) و تەرمەکەیان سووتاندووە و فڕێیانداوەتە رووبارێكەوە و بڕی (دووسەد هەزار دۆلاریان) بردووە.
"دواتر لە لایەن دادگای کەرخ لە بەغدا فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکراوە، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە یەکێک لە تۆمەتبارەکان بەناوی (ع،ح،أ)، هەڵاتووە بۆ شاری هەولێر، لە لایەن تیمەکانمانەوە شوێنی خۆحەشاردانی لە شاری هەولێر دەستنیشان کرا". لە راگەیەنراوەكەی ئاسایشی هەولێر واهاتووە.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا ئاماژە دراوە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتباری ناوبراومان گرت، هەروەها تۆمەتباری دووەم کە دەکاتە زاوای تۆمەتباری ناو هاتوو لە شاری بەغدا خۆی حەشار داوە.