ئه‌و شه‌ڕه‌ی دوای شۆڕشی 1979 له نێوان گه‌لی كورد و كۆماری ئیسلامی‌دا هه‌ڵگیرسا، رێبه‌رانی ئه‌و رژێمه به پیلانی ئه‌مه‌ریكایان هه‌ژمار كردبوو و به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد ئه‌مه‌ریكا بۆ دوژمنایه‌تیكردنی شۆڕش، له كوردستان شه‌ڕی هه‌ڵگیرساندووه، سادق زیباكه‌لام مامۆستای زانكۆ، کە له راوێژكارانی پێشتر و ره‌خنه‌گری ئێستەی كۆماری ئیسلامییه، تۆمه‌ته‌كه به‌درۆ ده‌خاته‌وه و له نامه‌یه‌كدا كه ئاراسته‌ی مه‌سعوود پزیشكیان سه‌رۆك كۆماری ئێرانی كردووه و دەنووسێت، شه‌ڕی كوردستان فڕی به ئه‌مه‌ریكاوه نه‌بوو، به‌ڵكو به‌هۆی ویستێكی مه‌ده‌نییانه‌ی مێژوویی كورده‌وه بوو.
دوای شۆڕشی ئێران، هێزه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌گه‌ڵ رێبه‌رانی كۆماری ئیسلامی كه‌وتنه دانوستان و یه‌كێك له داوا سه‌ره‌كییه‌كانی گه‌لی كورد، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری یان خودموختاری بوو، به‌ڵام خومه‌ینی هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تاكان دانوستانی له‌گه‌ڵ شاندی دانوستانكاری كوردستان كرد و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك به‌ڵێنی پێ دان، به‌ڵام دواتر پاشگه‌ز بووه‌وه و كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی له هاوینی 1980 فه‌رمانی جیهاد له دژی گه‌لی كورد ده‌ربكات و به كافر و ده‌ستنیشانده‌ی ئه‌مه‌ریكای دابنێت، شه‌ڕێك كه تا ئه‌م ساته‌ش به‌رده‌وامه. ئه‌و كات رێبه‌رانی كۆماری ئیسلامی به پاساوی ئه‌وه‌ی هه‌ڵگیرسێنه‌ری شه‌ڕه‌كه ئه‌مه‌ریكایه و به بیانووی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و كافراندا شه‌ڕ ده‌كه‌ن، سه‌ربازه‌كانیان هان ده‌دا و ره‌وانه‌ی مه‌یدانه‌كانی شه‌ڕ له كوردستانیان ده‌كرد، شه‌ڕێك كه قوربانییه‌كی زۆری بۆ هه‌ردوو لایه‌ن به‌دواوه بووه.
سادق زیباكه‌لام كه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له وتار و گفتوگۆكانیدا به‌شێك له سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامیی خستووه‌ته ژێر پرسیار، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه سكاڵای له‌سه‌ره و بۆ چه‌ند سكاڵایه‌ك ته‌نانه‌ت حوكمیش دراوه، جارێكی تر ره‌خنه‌ی زۆر رژدی له كۆماری ئیسلامیی ئێران گرتووه و له نامه‌یه‌كی سه‌رئاوه‌ڵادا بۆ مه‌سعوود پزیشكیان سه‌رۆك كۆماری ئێران، ره‌خنه‌ی جه‌رگبڕی له سه‌رۆك كۆمار و كۆی سیاسه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران له 46 ساڵی رابردوودا گرتووه.
ئه‌و له نامه‌كه‌یدا كه له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئاماژه به وتاره‌كه‌ی دوێنێی مه‌سعوود پزیشكیان سه‌رۆك كۆماری ئێران له یادی 46 ساڵه‌ی شۆڕش ده‌كات و پێی ده‌ڵێت، ''زۆرینه‌ی ئه‌و 16 ملیۆن كه‌سه‌ی له هه‌ڵبژاردنی رابردوودا به گومانه‌وه ده‌نگیان پێدای، به ئومێدی ئه‌وه‌ی به‌ڵكو هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی بنێی، به‌ڵام وتاره‌كه‌ت هه‌مووانی نا‌ئومێد كرد. خۆشم زۆر نیگه‌ران بووم له‌وه‌ی نه‌كا تۆش هه‌مان قسه‌كانی 46 ساڵی به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی دووباره بكه‌یته‌وه و بڵێیت، ئێمه باشین و هیچ تاوانێكمان نییه و سته‌ممان لێ ده‌كرێت، به‌ڵام دوژمنانی ئێمه له سه‌رووی هه‌موویان ئه‌مه‌ریكا، سته‌مكار و ملهوڕ و تاوانبار و ده‌ستدرێژیكاره.''
سادق زیباكه‌لام له به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، ''جه‌نابی پزیشكیان 46 ساڵه ئه‌مه‌ریكا به هۆكاری هه‌ر جۆره شكست و هه‌ڵه و نه‌زانینێكی خۆمان ده‌زانین، سكاڵا و ناڕه‌زایه‌تییه‌كی زۆرمان له ئه‌مه‌ریكا هه‌بووه و كردوومانه‌ته بنێشته‌خۆشكه‌ی ده‌ممان و به‌رده‌وام دووباره‌مان كردووه‌ته‌وه.''
ئه‌و رووی قسه‌ی له پزیشكیان و به‌رپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ده‌كات و پێیان ده‌ڵێت، ''ئێوه پێتان وایه ئه‌مه‌ریكییه‌كان بوون كه له دوای شۆڕش هه‌وڵیان دا كوده‌تای سه‌ربازی له دژتان بكه‌ن، ئه‌وان بوون كه شه‌ڕی كوردستانیان هه‌ڵگیرساند، ئه‌مه‌ریكا بوو كه دوای شۆڕش دزه‌ی كرده حكوومه‌تی به‌نی سه‌در، هێرش بۆ سه‌ر تبس و تیرۆره‌كانی موجاهیدینی خه‌لقیش هه‌ر ئه‌مه‌ریكایان له پشت بوو، كاتێكیش ئه‌مه‌ریكا له‌و كرده‌وانه‌ی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، وای له سه‌دام حوسێن كرد هێرش بكاته سه‌ر ئێران، كاتێكیش له‌وه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، له فڕۆكه‌ی ئێرباس درا، ده‌ست به هێرشی فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیری كرا، بزووتنه‌وه‌ی ریفۆرمخوازی به سه‌رۆكایه‌تیی محه‌مه‌د خاته‌می رێكخست و دوای هه‌موو ئه‌وانه‌ش سزای زۆر قورسیان به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پاند.''
سادق زیباكه‌لام دوای بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگه مێژووییانه ده‌ڵێت، ''زۆربه‌ی ئه‌و تۆمه‌ت و گازندانه داتاشراون و له راستی به‌دوورن، چونكه ئێمه بووین كه ده‌ستمان به دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كرد، له كاتێكدا واشنتن هیچ دوژمنایه‌تییه‌كی له‌گه‌ڵ شۆڕشدا نه‌بوو، جگه له‌مه ئه‌و كرده‌وه تیرۆریستییانه‌ی دوای شۆڕش كران، پێوه‌ندییان به ناكۆكیی مێژوویی موجاهیدینی خه‌لق و گرووپ و ره‌وته مه‌زه‌وییه‌كانی تره‌وه هه‌بوو و هیچ پێوه‌ندییه‌كی به ئه‌مه‌ریكاوه نه‌بوو، ئه‌و شه‌ڕه‌ش كه له كوردستان هه‌ڵگیرسا پێوه‌ندیی به داخوازییه مه‌ده‌نی و مێژووییانه‌ی كورده‌وه هه‌بوو و ئه‌مه‌ریكا لێی بێبه‌ری بوو، هێرشی سه‌دام حوسێن بۆ سه‌ر ئێرانیش دیسان فڕی به ئه‌مه‌ریكاوه نه‌بوو، له‌لایه‌ك پێوه‌ندیی به ناكۆكییه مێژووییه‌كانی نێوان ئێران و عێراق و له‌لایه‌كی تریشه‌وه پێوه‌ندیی به دوژمنایه‌تیی شۆڕشی ئێران له‌گه‌ڵ سه‌دام حوسێن هه‌بوو.''
ئه‌و درێژه‌ی پێ ده‌دات و ده‌نووسێت، ''گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ین ئه‌مه‌ریكا هۆكار بوو به‌وه‌ی جه‌نگ له نێوان عێراق و ئێران‌دا هه‌ڵگیرسێت، به‌ڵام پرسیار له‌وه‌دایه بۆچی ئێران سوور بوو له‌سه‌ر درێژه‌دان به جه‌نگ؟ هه‌موو سكاڵا و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانمان تا ده‌گاته دوژمنایه‌تیمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا یه‌كلایه‌نه بووه، جگه له‌وه‌ی كه كه‌ره‌سته‌یه‌كی ئایدۆلۆجیكی بووه، له هه‌مان كاتدا ئامرازێك بووه بۆ پاساوهێنانه‌وه‌ی فه‌شه‌لهێنانی سیاسه‌ته‌كانمان.''
سادق زیباكه‌لام له كۆتایی نامه سهرئاوهڵاكهی بۆ سه‌رۆك كۆماری ئێران نووسیویه‌تی، ''جه‌نابتان له ناو ئه‌و تاوه‌ره به‌رزه و ئه‌و دنیا جیاوازه‌ی بۆ خۆتان دروست كردووه نوقم بوون، ئاگاداری وڵات و راستییه‌كانی كۆمه‌ڵگه نین، به‌داخه‌وه هه‌ر كه‌سێكیش قسه‌یه‌ك بكات كه به‌دڵتان نه‌بێت و له‌گه‌ڵ بیر و باوه‌ڕتان یه‌ك نه‌گرێته‌وه، یه‌كسه‌ر تۆمه‌تی ''بڵاوكردنه‌وه‌ی درۆ''، ''بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده''، ''لاوازكردنی رۆحی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵك'' و ''شێواندنی رای گشتی'' و ده‌یان تۆمه‌تی تری به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن.
پێویسته بگوترێ زیباكه‌لام له‌مدواییانه‌دا له میدیا و كۆنفرانسه‌كاندا زیاتر ده‌ركه‌وتووه و قسه‌ی كردووه، قسه‌كانیشی به‌دڵی كۆماری ئیسلامی نه‌بووه و دواین جار كه سكاڵا له دژی زیباكه‌لام تۆمار كرابێت، بۆ كۆتایی مانگی رابردووی زاینی ده‌گه‌ڕێته‌وه كاتێك داواكاری گشتیی تاران سكاڵایه‌كی له دژی تۆمار كرد.
له كۆنفرانسێكی ئه‌مدواییانه‌دا كه له قه‌ته‌ر به‌ڕێوه‌چوو و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش بڵاو كرایه‌وه، زیباكه‌لام زۆر به راشكاوی گوتی، ''خه‌ڵكی ئێران وه‌ك پاڵه‌وان سه‌یری بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ ده‌كه‌ن و هه‌نگاوه‌كانی نه‌ته‌نیاهۆیان له رووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی ناوچه‌كه به‌رز نرخاندووه.''
زیباكه‌لام پێشتریش چه‌ند جارێك دادگایی كراوه و ته‌نانه‌ت حوكمیشی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، له میانه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆماری به ناوی مۆڵه‌تی نه‌خۆشی و وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر، ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه كرابووه‌وه، به‌ڵكو واز له ره‌خنه‌كانی بێنێت، به‌ڵام ئه‌و نه‌ك وازی نه‌هێناوه، به‌ڵكو ره‌خنه‌ی زۆر توندتری گرتووه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ سكاڵای تریش له دژی تۆمار بكرێن.