نرخی زێڕ بە تەواوی گران بوو، خاوەن دوكانێكی زێڕنگریش دەڵێت، بۆ هەر مسقاڵێك 10 هەزار دیناری چووەتە سەر و ئۆنسێكیش گەیشتە دوو هەزار و 918 دۆلار.
نرخی ئۆنسەیەك زێڕ لە بۆرسەی جیهانیدا بە دوو هەزار و 918 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت، بە بەراورد بە دوێنێ نرخەكەی بەرز بووەتەوە، ئەوەیش كاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ لە كوردستان دروست كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەم 13ـی شوبات، شاخەوان مەمەد لە زێڕنگریی ئیمان، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرز بووەتەوە، ئەوەش پێوەندیی بە بازاڕی زێڕی دنیاوە هەیە.
زیاتر گوتی، نرخی مسقاڵێك زێڕی عەیار 18 بە 529 دینارە، نرخی مسقاڵێك زێڕی عەیار 24 بە 706 هەزار دینارە و نرخی مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 بە 620 هەزار دینارە، ئەوەیش پێشانی دەدات بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە.
باسی لەوەش كرد، لە ماوەی دوو ڕۆژی رابردوودا بڕی 10 هەزار دینار بۆ هەر مسقاڵێك نرخەكەی زیادی كردووە.
بەپێی پێشبینییەكانی بۆرسەی جیهانیش، پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتر دەكرێت كە مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 بگاتە 640 هەزار دینار، بۆ جۆرەكانی تری زێڕیش بەهەمانشێوە.