له پارێزگای ورمێی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ده‌یان گورگ هێرشیان كرده سه‌ر گوندێك و ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی بریندار بوون، به‌ڵام به هاوكاریی تیمه‌كانی مانگی سووری پارێزگای ورمێ، گورگه‌كان له گوند دوور خراونه‌ته‌وه.
حه‌مید مه‌حبووبی به‌ڕێوه‌به‌ری مانگی سووری پارێزگای ورمێ رای گه‌یاند، رووداوه‌كه ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له گوندێكی سنووریی سه‌ربه شاری سه‌ڵماس رووی داوه.
وه‌ك زیاتر خستیه روو، دوای ئه‌وه‌ی ئاگادار كرانه‌وه كه ژماره‌یه‌ك گورگ هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر گوندی ده‌شوان، خێرا تیمیان ره‌وانه كردووه و به هاوئاهه‌نگیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی قه‌یرانی پارێزگاكه فریای خه‌ڵكه‌كه كه‌وتوون.
به‌گوێره‌ی ئیرنا، به‌هۆی ئه‌و رووداوه‌وه سێ كه‌س له دانیشتووانی گونده‌كه بریندار بوون، بۆ بنكه‌ی ته‌ندروستی و پاشان بۆ نه‌خۆشخانه گواستراونه‌ته‌وه.
به‌گوته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه، دۆخی ته‌ندروستیی سه‌رجه‌م برینداره‌كان جێگیره. ئه‌و باسی له‌وه نه‌كردووه ئایا هێرشی ئه‌م ره‌وه‌گورگه جگه له برینداركردنی هاووڵاتییان، هیچ زیانێكی مادیشی به مه‌ڕ و ماڵات گه‌یاندووه یان نا.