ژنێكی ئەمەریكی لە ویلایەتی "وایۆمینگ"ی ئەمەریكا دەستڕێژی گولەی كردە سەر چوار لە كچەكانی خۆی و بەهۆیەوە سیانیان كوژران و دواتریش خۆی دەكوژێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی شوباتی 2025، رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە، دایكێك بەناوی "ترانییل هارشمان"ی تەمەن 32 ساڵ سێ لە كچەكانی خۆی كوشتووە، ئاماژەیشی داوە كە كچی چوارەمیشی لەژێر چاودێری چڕی پزیشكی دایە.
بەپێی رۆژنامەكە، دوای رووداوەكە دایكەكە بەر لە گەیشتنی پۆلیس تەقە لەخۆیشی دەكات و لە شوێنی رووداوەكە خۆی دەكوژێت.
كچی چوارەم كە تەمەنی حەوت ساڵانە و لە ژیان ماوە، دەستبەجێ گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و ئێستا لە ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدایە و گولە بەر سەری كەوتووە.
ئاژانسە هەواڵییەكانی ئەمەریكا بڵاویان كردووەتەوە كە دایكەكە خۆی هەواڵی بە پۆلیس داوە و بەر لە گەیشتنی پۆلیسیش خۆی كوشتووە و لەكاتی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە، بۆیە نەتوانراوە هیچ گوتەیەكی لێ وەربگیرێت و هۆكارەكە روون ببێتەوە.
لای خۆشییانەوە هاوڕێكانی ئەو ژنەی كە منداڵەكانی خۆی كوشتووە بە میدیاكانیان راگەیاندووە، ژنەكە لە دۆخێكی دەروونی خراپ بووە و بە دەست خەمۆكی دوای منداڵبوونەوە گیرۆدە بووە و منداڵەكانی خۆیشی زۆر خۆش ویستووە و زۆر میهرەبان بووە لەگەڵیان.