زیاد ئەسعەد مشتومڕی نایەوە.. بەرهەمەكە خۆیەتی؟

:: PM:03:14:24/02/2025 ‌
جارێكی تر دەنگۆی بڵاوبوونەوەی گۆرانییەكی هونەرمەند زیاد ئەسعەد لە سۆشیال میدیادا بۆچوونی جیاوازی لێ‌ كەوتەوە. ئەوە لەو كاتەوەی سەری هەڵدا كە چەند رۆژێك لەمەوبەر شاعیری كورد تەڵعەت تاهیر گوتی، لە داهاتوویەكی نزیكدا بەرهەمێكی زیاد ئەسعەد بڵاو دەبێتەوە.

هونەرمەند زیاد ئەسعەد ماوەی چەندان ساڵە لە دەرەوەی وڵات بەبێ‌ بڵاوكردنەوەی هیچ وێنە و تۆمارێكی دەنگی دەژیت، ئەو لە ماوەكانی رابردوودا جگە لەوەی هیچ زانیارییەكی لەسەر نەبووە، تەنانەت كەسە نزیكەكانیشی نەیانویستووە هەواڵی لەبارەوە بڵاو بكەنەوە. 

زیاد ئەسعەد لەدایكبووی 1966 گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و ھۆنراوەنووسی ناسراوی كوردە، لە شاری ھەولێر لە گەڕەكی تەیراوە لە دایك بووە.

لە ساڵی 1983 بە گۆرانیی "دوعا" دەستی كردووە بە گۆرانی و یەكەم كاسێتی لە ساڵی 1988 بڵاو كردووەتەوە كە تا ئێستە خاوەنی پێنج ئەلبوومە. 

ئەو لەوەتەی 1993 كوردستانی جێھێشتووە و لە ئەوروپا لە سوید دەژیا، بەھۆی دەرنەكەوتنی لە شاشەكان و میدیاكانەوە، ماوەیەكی زۆرە مشتومڕ لەسەر باری تەندروستی و دەروونی زیاد ئەسعەد دروست بووە، بەڵام ئەوەیش بۆچوونی جیاوازی لەسەرە و زۆر كەس دەڵێن باری تەندروستیی كێشەی نییە. 

لە چەند ڕۆژی رابردوودا تەڵعەت تاهیر شاعیری كورد، لەسەر زاری كەسێكی تر ئەوەی بڵاو كردەوە كە لە داهاتووی نزیكدا، زیاد ئەسعەد بەرهەمێكی بڵاو دەكاتەوە، دوای چەند رۆژێك بەرهەمێك بەناوی "هێندەم گوت نازەنینی" خۆی كرد بەناو سۆشیال میدیادا و گوتیان ئەوە خۆیەتی و دەركەتەوە. 


بە گوێگرتن لە گۆرانییە نوێیەكە، تێدەگەی كە دەنگی زۆر لە زیاد ئەسعەد دەچێت، لە زیاد ئەسعەدێك كە لە ساڵی 1988 گۆرانی گوتووە نەك ئێستە كە ساڵی 2025یە، واتا هیچ گۆڕانێكی ئەوتۆ لەسەر ئەو دەنگەدا نەهاتووە بەراورد بە دەنگی ئەوكاتی زیاد ئەسعەد. 

لەوە گومانەكانی زیاتر كرد كە ئەو گۆرانییە لە ڕێگەی زیرەكی دەستكردەوە بڵاو كرابێتەوە، ئەوەیش مشتومڕەكانی زیاتر كرد. 

ئاسۆ هاشم پارێزەری راوێژكارە و وەك خۆی پێشتر رای گەیاندبوو، لە چەند ساڵی ڕابردوودا كەیسێكی زیاد ئەسعەدی لابووە و كاری تێدا كردووە و تەنانەت پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هەبووە، لە فەیسبووكی خۆی گوتی، ئەو گۆرانییەی بڵاو كراوەتەوە زیاد ئەسعەد نییە".

ئێستە دۆخەكە بەوجۆرە ماوەتەوە كە كێ‌ دەبێتە خاوەنی ئەو گۆرانییەی بڵاو كراوەتەوە، بەڵام هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە هەوادارانی ئەو هونەرمەندە متمانەیان نەماوە تا ئەو كاتەی خۆی بە ڤیدیۆ و دەنگەوە دەردەكەوێت. 

بەشێك لە هەوادارانی زیاد ئەسعەد بیانووی ئەوەیان هێناوەتەوە بە هۆی ئەوەی كە ئەو ئاوازدانەر بووە، زۆرجار لە كاتی دانانی ئاوازێك بۆ هونەرمەندان، خۆی كۆپلەیەك لە گۆرانییەكەی گوتووە، دەشێ‌ هەر ئەوەیش بێت بڵاو بووبێتەوە و بكرێتە بەرهەمی نوێی زیاد ئەسعەد. 

لە كوردستان و هەولێر بەتایبەت ئەو هونەرمەندە خاوەنی جەماوەرێكی زۆر بووە، بەڵام بەهۆی دووركەوتنەوە، تا ئاستێكی زۆر جەماوەرەكەیشی لێی دوور كەوتوونەتەوە بەهۆی بێ‌ بەرهەمی. 

بەشێك لە هەوادارانی بێتاقەتبوونی زیاد ئەسعەد دەبەستنەوە بەوەی كە لە رابردوودا دەگوترا یەكێك لە هونەرمەندە گەورەكانی ئێستەی كوردستان، سیدییەكی ئامادەكراوی زیاد ئەسعەدی دزیوە و بەناوی خۆی بڵاوی كردووەتەوە، ئەوەیش ئەو هونەرمەندەی تۆراندووە .

ئەوە ئێستە ماوەتەوە ئەوەیە كە ئایا چی بەڵگەیەك دەبێتە هۆكاری پشتڕاستكردنەوەی ئەوەی "هێندەم گوت نازەنینی" بەرهەمی زیاد ئەسعەدە یان چی؟.



وشە - وشه‌