ئەگەری زۆرە سبەی شەموو یەكەم رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزان بێت، موسڵمانان لەو مانگەدا سیستمی ژیان و خۆراك و خەوتنیان دەگۆڕێت، ئەوەش وا دەكات تا راهاتن لەگەڵیدا كاریگەریی جیاوازیان بكەوێتە سەر، لەوانە دەمارگیری یان لە رۆژانی سەرەتای مانگەكە تووشی سەرئێشە ببنەوە.
ئەگەرچی
سەرئێشە بە گشتی مەترسیدار نییە و بە نەمانی هۆكارەكەی نامێنێت، بەڵام بۆ ئەوانەی كاریان هەیە رەنگە بێزاركەر بێت و كار لە توانا و ژیانیان بكات، ئەوان ناتوانن تا كاتی فتاركردنەوە حەبی ئازارشكێن وەربگرن، بەڵام دەتوانرێت بە مامەڵەكردنی دروست ئازارەكە سووك بكرێت، بە زاڵبوون بەسەر كێشەكانی كافایین و وشكهەڵگەڕان و دابەزینی شەكری خوێن و رێكخستنی كاتەكانی خەوتن.
سەرئێشەی بەرۆژووبوون هەندێك جار پێوەندی بە وەستانی خواردنەوەی چا و قاوە، واتە وەرگرتنی كافایینەوە هەیە، یان بەهۆی وشكهەڵگەڕان بەهۆی كەمئاوییەوە یان بەهۆی دابەزینی رێژەی شەكرەی خوێن بەهۆی نەخواردنەوە یان بەهۆی كەمبوونەوەی سەعاتەكانی خەوتن.
بەپێی رێنوێنییەكان تۆ دەتوانیت بەر لە دەست پێكردنی مانگی رەمەزان خۆت لەسەر كەمكردنەوەی كافایین رابێنیت، واتە چەند هەفتەیەك بەر لە مانگەكە، نەجلا حەسەن دەرمانساز دەڵێت، ئەو كەسەی بەرۆژوو دەبێت دەتوانێت لە نێوان فتاركردنەوە و پارشێودا ئاوی باش بخواتەوە، سەوزە و میوەی پڕ لە ئاو بخوات بۆ رێگرتن لە وشكهەڵگەڕانی لەش و تووشبوون بە سەرئێشە.
هەرچی رێژەی شەكرەی خوێنە پێویستە ژەمی پارشێو بخورێت، هاوكات هەوڵ بدرێت شەوانە بخەویت، جیا لەوانەی باس كران رەنگە كەسانێك بەهۆی جگەرەكێشانەوە تووشی ببن، بەهۆی وەستانی كتوپڕ لە وەرگرتنی نیكۆتین كە لە جگەرەدا هەیە، ئەوانەش دەتوانن پێش رەمەزان خۆیان رابێنن.