برنج یەكێكە لە خۆراكە زۆر بڵاوەكان لەسەر رووی زەوی، لای هەمووان قبووڵكراوە و بە تامی خۆش و سوودی زۆری جیا دەكرێتەوە، بەهۆی زۆریی جۆرەكانییەوە، بەتایبەتی ئەوانەی هاوردە دەكرێن و بەهۆی ئەو راپۆرتانەش كە باسی دروستكردنی لە نیشاستەی پەتاتە و پلاستیك دەكرێت، نیگەرانیی دروست كردووە، بەڵام چۆن برنجی سروشتی و دروستكراو جیا دەكرێتەوە؟
گۆڤاری "
Sportime "ی یۆنانی باسی ئەوە دەكات لە چین دەركەوت كە هەندێك لەو برنجەی دەخورێت ساختەیە و لە نیشاستەی پەتاتە و پلاستیكی دەستكرد دروست دەكرێت، بە شێوەیەك بە زەحمەت لە برنجی سروشتی جیا دەكرێتەوە، بەوەش نیگەرانی لە دنیا دروست كردووە.
ئەو بابەتە گومانی لەسەر برنج دروست كرد، بەتایبەتی ئەوەی لە دەرەوە هاوردە دەكرێت، كێشەكەش تەنیا ئەوە نییە برنجەكە سروشتی نییە، بەڵكو بەهۆی ئەو مادە كیمیاییانەی دەچێتە دروستكردنیەوە مەترسی هەیە، بە گشتی دەتوانرێت هەردوو جۆری برنج بەم رێگەیانەوە لێك جیا بكرێتەوە.
دەتوانی بیكوڵێنیت و دەستی لێ بدەیت، برنجی راستەقینە نەرمە و لینجی نییە، لەوكاتەی برنجی ساختە بە كوڵانیش هێشتا رەقە و بارستەی نائاسایی دروست دەكات و لینج دەبێت، رێگەی دووەم سووتاندنی چەند دەنكە برنجێكە، ئەگەر بۆنی پلاستیكی سووتاوی لێ هات لە بری بۆنی نیشاستەی سووتاو، ئەوە دیارە كە ساختەیە، سێیەم رێگەش دەتوانی برنجەكە بخەیتە ناو كووپێك ئاوەوە، برنجی راستەقینە نقووم دەبێت، بەڵام ساختەكەی سەر ئاو دەكەوێت.