توركیا رۆژانێكی سەخت بەڕێ دەكات، ئەوەی روو دەدات ململانێیەكی زەقی دەسەڵاتە لە نێوان حزبی پێكهێنەری حكوومەت و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، كە رەنگە بەو ناونیشانە شتێكی ئاسایی بێت و لە زۆرینەی وڵاتان هەمان شت دووبارە ببێتەوە، بەڵام ئەوەی لە توركیا نوێیە هەوڵی لادانی سەركردەیەكی بەهێزە، كە چەندان ساڵە دەستی بەسەر كایە جیاجیاكانی ئەو وڵاتەدا گرتووە و ئامادە نییە بە ئاسانی دەستبەرداری دەسەڵاتەكانی بێت، چونكە وای دەبینێت زۆری بۆ توركیا كردووە و هێشتا زۆریشی لە هەگبەدایە.
تا ئەوكاتەی دۆخی ئەو وڵاتە بە لایەك یەكلا دەبێتەوە، رووداوەكان روو لە گرژی زیاترن، لەو كاتەی توركیا كەوتووەتە ناو تەنگژەیەكی قووڵی ئابوورییەوە، كە ئەوەیان لە بەرژەوەندیی حزبی دەسەڵات نییە، بۆیە بەردەوامیی دۆخەكە بەو شێوەیە لە بەرژەوەندیی ئۆپۆزسیۆنە و رەجەب تەیب ئەردۆغان و حزبەكەی ئاكەپە، هەوڵ دەدەن بە زوویی ناڕەزایەتییەكان نەهیڵن، لە رێگەی سووربوون لەسەر بڕیارەكەیان بە گرتن و دوورخستنەوەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو لە كێبەركێی سەرۆكایەتی و ساردكردنەوە و بێئومێدكردنی شەقامی ناڕازی و پەرتەوازەكردنی ریزەكانی ئۆپۆزسیۆن و لە جووڵە و قسەخستنی كارەكتەرە سەرەكییەكانی.
ئەوەی لە
توركیا روو دەدات هەڵبژاردنێكی پێشوەختەیە كە لە شەقام ساز دەكرێت و یەكلا دەبێتەوە، ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەتی پارتی گەلی كۆماری هەوڵ دەدات سوود لە بڕیارەكەی ئەردۆغان بە گرتنی ئیمامئۆغڵۆ ببینێت، كردی بە كاندیدی حزبەكە و شەقام زیاتر هان دەدات، خراپبوونی دۆخی ئابووریش وەك چەكێك لە دژی ئەردۆغان بەكار دێنێت، بەڵام هێشتا ئەردۆغان كارەكتەرێكی بەهێزە و چەندان كارتی بەدەستەوەیە، لەوانە پێوەست بە پێگەی توركیا و سەروەری و ئاسایشی نەتەوەییەكەی.
ئێستە بەهای لیرەی توركی لە پاشەكشە و رێژەی هەڵاوسانیش لە هەڵكشانێكی پێوانەییدایە، هاوكات توانای كڕینی خەڵك لە دابەزینە و تا دێت بێزاریی خەڵك بەرانبەر بە حكوومەت زیاتر دەبێت، موهەنەد حافزئۆغڵۆ توێژەر لە كاروباری توركیا دەڵێت، ئۆپۆزسیۆن كار بۆ سوودبینین و بەكارهێنانی تەنگژەی ئابووری وەك ئامرازێك لە دژی ئەردۆغان دەكات، بەڵام هێشتا بەرنامەیەكی یەكگرتووی ئابووری نییە كە بتوانێت متمانەی شەقام لەسەر حسێبی ئەردۆغان بۆ لای خۆی یەكلا بكاتەوە.
حەسەن سیڤری نووسەر و توێژەری سیاسی پێی وایە كە گەلی توركیا بەرانبەر بەو تەنگژە ئابوورییەی سەری هەڵداوە هەست بە بێئومێدی دەكات، بەڵام تا ئێستە شوێنگرەوەیەكی سیاسی نەدۆزیوەتەوە بتوانێت قەناعەتی پێ بكات كە دۆخەكە لە سایەی فەرمانڕەوایەتیی ئۆپۆزسیۆن باشتر دەبێت، كاتێك هەردوو حزبی گەلی كۆماری و باش هەوڵی چڕكردنەوەی رەخنەكانیان بۆ سیاسەتی ئابووری حكوومەت دەدەن، كەچی تا ئێستە لە پێشكەشكردنی دیدێكی روونی ئابووری دەستەوەستانن، ئەوەش وای كردووە خەڵكەكە لەبارەی شوێنگرەویەكی راستەقینە بۆ ئەردۆغان دوودڵ بن.
ئێستە ئەردۆغان باش دەزانێت دۆسیەی ئابووری خاڵی لاوازی سیاسەتەكانیەتی، بۆیە دەست بۆ زەقكردنەوەی دۆسییەكانی تر دەبات وەك ئاسایش و سەروەری، لە رێگەی زەقكردنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی لە عێراق و سووریا و خۆدەرخستن وەك پارێزەری توركیا بەرانبەر بە هەڕەشە تیرۆریستییەكان، كە دەنگدەرانی نەتەوەپەرست و پارێزگارەكان بەوە رازین، جیا لەوە باسی پڕۆژە ستراتیجییەكان دەكات وەك كەناڵی ئیستەنبووڵ و بەرنامەی نیشتەجێكردن و پڕۆژەكانی ژێرخان، بەوەش پەیامێك ئاراستە دەكات بەوەی سەرەڕای سەختییە ئابوورییەكان توركیا توانای گەشەكردنی هەیە.
لە سایەی ئەو دۆخەی هەیە پێشبینی دەكرێت ئەردۆغان پەنا بۆ پەرەسەندنی رێوشوێنەكانی لە دژی ئۆپۆزسیۆن ببات، لە رێگەی راوەدوونانی یاسایی و كۆتكردنی چالاكییە سیاسییەكانیان، بەتایبەتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، جیا لەوە هێشتا ئۆپۆزسیۆنی توركیا ناكۆكی ناوخۆیی هەیە، ئەوەش وای كردووە توانای پێكهێنانی بەرەیەكی یەكگرتوو گومانی لەسەر بێت.
حافزئۆغڵۆ دەڵێت، بەربەستی راستەقینەی بەردەم ئۆپۆزسیۆن تەنیا سیاسەتەكانی ئەردۆغان نییە، بگرە سەلماندنی تواناكانیەتی بۆ فەرمانڕەواییكردن و پێشكەشكردنی كاندیدێكی بەهێز و بەرنامەیەكی یەكگرتوو، سیڤریش پێی وایە ئەگەرچی ئۆپۆزسیۆن سوود لەو دۆخ و ناڕەزایەتییە جەماوەرییە دەبینێت و هانی دەدات، بەڵام تا ئێستە نەیتوانیوە یەك سەركردایەتی پێشكەش بكات كە بتوانێت قەناعەت بە دەنگدەران بكات شوێنگرەوەی راستەقینەیە بۆ ئەردۆغان.
بۆیە گەورەترین كێشەی بەردەم ئۆپۆزسیۆن نەبوونی كاندیدێكی بەهێزی سازانە كە بتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی رووبەڕووی ئەردۆغان ببێتەوە، چونكە تا ئێستە حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن لەبارەی ئەو كەسەی بەرانبەر بە ئەردۆغان دەوەستێتەوە دابەشبوون، بۆیە ململانێكە بووەتە شەڕێكی سیاسیی چارەنووسساز كە ئۆپۆزسیۆن بۆ راكێشانی شەقام هەوڵی بەكارهێنانی دۆخی خراپی ئابووری دەدات و ئەردۆغانیش بۆ پارێزگاریكردن لە دەسەڵاتەكەی پشت بە ئامرازە كۆنەكانی دەبەستێت.
رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت ئاخۆ دۆخی توركیا بەرەو كوێیە؟، ئەردۆغان دەتوانێت ئەوجارەش دەسەڵاتی بپارێزێت و سەختییەكە تێپەڕ بكات، یان توركیا بەرەو گۆڕانكارییەكی بێوێنەی سیاسی هەنگاو دەنێت، وەڵامی ئەو پرسیارەش بێگومان لای شەقامی توركیایە، كە ناوبژیوانی سەرەكیی ململانێكەیە و ئەنجامی كۆتایی شەڕەكەش وەستاوەتە سەر توانای ئۆپۆزسیۆن بۆ پێشكەشكردنی خۆی وەك شوێنگرەوەیەكی رازیكەر بۆ ئەردۆغان، هاوكات توانای ئەردۆغان بۆ هەڵمژینی توڕەیی جەماوەر و بەدەستهێنانەوەی متمانەی دەنگدەران.