كتێبی "ئەدەب و هونەری منداڵان" لە دیمانە و ئامادەكردنی د. هاوژین سڵێوە و ڕۆستەم خامۆش، چاپی دووەمی كەوتە ناو كتێبخانەكان.
كتێبی "ئەدەب و هونەری منداڵان" سەرچاوەیەكی زۆرباشە بۆ تێگەیشتن لە هەموو بوارەكانی تایبەت بە منداڵان، چونكە لەم كتێبەدا ئاوڕ دراوەتەوە لە ئەدەب، هونەر، پەروەردە، دەروونزانی، كۆمەڵناسی، ڕۆشنبیری و مافی منداڵان، بەڵام ئەدەب و هونەر پشكی زیاتر و سەرەكییان بەركەوتووە، لە ئەدەب و هونەریش، ئەدەب زیاتر گرنگیی پێ دراوە و بووە بە چەقی مەبەست و سەرەكیی، بۆیە ئەم كتێبە كۆكراوەیەكی پڕ لە زانیارییە لە هەموو لایەن و بوارەكانی تایبەت بە منداڵان.
لە چاپی دووەمدا كە ٨٤٩ لاپەڕەیە و لە سێ بەش پێكهاتووە، لە بەشی یەكەمدا ٢٢ تەوەری جۆراجۆر لە خۆ دەگرێ لە هەموو بوارەكانی تایبەت بە منداڵان.
لە بەشی دووەمدا ٦٠ كەس لە شاعیران و نووسەران و هونەرمەندان و شارەزایانی بواری ئەدەبی منداڵان، چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ساز كراوە.
لە بەشی سێیەمیشدا چەندان بابەت و ڕاوبۆچوون لەبارەی ئەدەبی منداڵان خراونەتەڕوو، لەگەڵ كۆمەڵێك وتار و پەیڤ و گوتەی جوان و بە نرخ لەبارەی كتێبی ئەدەب و هونەری منداڵان.
لە هەر سێ بەشەكەدا، دید و بۆچوون و دنیابینیی ١٤٧ شاعیر و نووسەر و هونەرمەند و كەسانی شارەزا و پسپۆڕ لەم كتێبەدا بەرچاو دەكەون، كە پێكهاتووە لە ١٨٨ بابەت و لێدوان و چاوپێكەوتن.