بۆ ئەوەی حاڵەتەكەیان خراپتر نەبێت.. وریای قسەكردن لەگەڵ كەسانی گۆشەگیر بن

:: AM:10:01:25/03/2025 ‌
گۆشەگیری نەخۆشییەكی بێدەنگ و هاوكات قورسە كە لە دنیادا ملیۆنان كەس هەن تووشی دەبن، هەندێك حاڵەتیان هەیە ئاكامی وێرانكاری بەدواوە دەبێت و تێیاندایە پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن. وێڕای ئەوەی نەخۆشییەكە تەنگژەیەكی دەروونییە و چارەسەری تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام جاری وایە قسەكردنی مرۆڤی ئاسایی لەگەڵیان، حاڵەتەكەیان خراپتر دەكات، بۆیە لەوبارەیەوە هۆشداریی دەدرێت.

پێگەی "شەرق ئەوسەت" لەبارەی ئەو نەخۆشییەوە، هەواڵێكی بڵاو كردووەتەوە كە لە پێگەی "سایكۆلۆجی تودای" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، وێڕای ئەوەی ئەو تەنگژە دەروونییە لە تەواوی دنیادا هەندێك زیاتری كردووە، بەڵام هەندێك رستە و گوزارشت و دەستەواژە هەن لەلایەن كەسانی ئاساییەوە بەرانبەر بە كەسانی گۆشەگیر دەكرێن، نەك هەر چارەسەریان ناكات، بەڵكو كێشەكەیان قووڵتر دەكاتەوە، بۆ نموونە بە كەسی گۆشەگیر بگوترێ "بە ئەرێنی بیر بكەرەوە، هەست بە چاكبوونەوە دەكەیت"، ئەوە ئامۆژگاری نییە، بەڵكو بۆ گۆشەگیر باش نییە و خراپتری دەكات.

 ئاماژە بەوە كراوە كاتێك بە كەسی گۆشەگیر بگوترێ "بە ئەرێنی بیر بكەرەوە، هەست بە چاكبوونەوە دەكەیت"، ئەو بەو شێوەیە وەریدەگریـَت كە گوێ بە ئازارەكانی نەدات و چۆن تێیپەڕێنێت، لەو حاڵەتەدا گۆشەگیر هەست بە لاوازی بەرانبەر بە ئازارەكانی دەكات كە ناتوانێ رووبەڕووی خەمەكانی ببێتەوە. چونكە نەخۆشیی گۆشەگیری، جۆرێكە لەوەی توانای تووشبووەكە بەرانبەر بە دنیابینییە ئەرێنییەكان بۆ ژیانی كەم دەبێتەوە. بۆیە بۆ ئەوان ئاسان نییە تەنیا بە قسەكردن لە حاڵەتەكە رزگاریان بێت.

پسپۆرانی بواری دەروونی باس لەوە دەكەن كە هەندێك ئامۆژگاری هەیە بۆ كەسانی گۆشەگیر، كاریگەریی نەرێنی دروست دەكات، بۆ نموونە پێی بگوترێ "بۆچی بۆ گۆشەگیرییەكەت، دەرمانەكانت بەكار ناهێنێت تا لە ئازارەكانت رزگار بیت؟"، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە دەرمانی دژە گۆشەگیری رەنگە فاكتەرێك بێت بۆ چاكبوونەوە، بەڵام چارەسەری تەواوی حاڵەتەكە ناكات، چونكە دەرمان چارەسەری ئازاری سۆز و دەروونی قووڵی كەسەكە ناكات كە تووشی بووە. بۆیە كەسی گۆشەگیری نابێ وا تێبگەیەنرێت كە چارەسەری تەنیا دەرمانە، بۆیە ئیتر وا هەست دەكات دەرمان چارەسەری حاڵەتەكەی ناكات.

بەگوتەی پسپۆران ناخۆشترین قسە بۆ كەسی گۆشەگیر ئەوەیە پێی بگوترێت "پێویستە خۆت لەو هەستە رزگار بكەیت"، چونكە وەك ئەوە وایە پێی بگوترێ گوشەگیرییەكە بژاردەی خۆیەتی، بۆیە ئەو گوزارشتە خراپانە بۆ كەسی گۆشەگیر وێرانكەر دەبێت نەك چارەسەر، دواتریش ئەو هەستەی لەلا دروست دەبێ كە تووشی حاڵەتێكی شەرمەزاریی قووڵ بووە و خۆیشی توانای نییە بەسەریدا سەربكەوێت، بۆیە هەست دەكات هەموو دەرگاكانی بەسەردا داخراوە.

بەپێی زانیاریی پسپۆران، باشترین هەڵسوكەوت لەگەڵ كەسی گۆشەگیر ئەوەیە، كەمترین قسەی لەگەڵ بكرێ و قسەكانیش ئاسایی بن، نەك قسە لەسەر نەخۆشی و حاڵەتەكەی، ئەویتر پزیشكی پسپۆر دەتوانێ چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ جۆری حاڵەتەكە بكات و چۆن قسەی لەگەڵ بكات و چ دەرمانێك بۆ ئەو جۆرە حاڵەتە گونجاوە تا بۆی بنووسێت، بۆ چارەسەركردنیش كاتی دیاریكراو نییە و بەپێی جۆری حاڵەتەكەیە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د