رۆژانی نۆ بۆ 19ی نیسانی داهاتوو، خولی 17ی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب، لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوە دەچێت.
دامەزراوەی "مەدا" لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئەم پێشانگە ساڵانەیە كە دامەزراوەی "مەدا" بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری و هونەر بە چاودێریی سەرۆك بارزانی و بە هاوكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەی دەبات.
روون كراوەتەوە كە ئەمساڵ 350، خانەی بڵاوكردنەوە لە 22 وڵاتانی عەرەبی و جیهانییەوە تێیدا بەشدارن، بەشێك لەمانە كە لە وڵاتانی دراوسێ و مەغریبی عەرەبی و وڵاتانی كەنداوەوە هاتوون، بۆ یەكەمجارە بەشداری ئەم پێشانگایە دەكەن، ئەمانەش هەموویان لەسەر رووبەرێك كتێبەكانیان نمایش دەكەن كە زیاترە لە 20 هەزار مەتر چوارگۆشە.
"جیهان بە كوردی دەدوێت"، ئەمە ناوی خولی 17 پێشانگەكەیە، وەك پێزانینێك بۆ زمانی كوردی و ئەو جووڵە بەرفراوانەی لە وەرگێڕانی كتێبە جیهانییەكان بۆ سەر زمانی كوردی دەستی پێ كردووە، هەروەها وەك پاڵپشتییەك بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی كوردی لەلایەن گووگڵەوە.
بە درێژایی رۆژانی پێشانگەكە چەندین پانێڵ و دیبەیتی رۆشنبیری لەبارەی وەرگێڕان و زمانەوە بەڕێوە دەچن، بە بەشداریی رۆشنبیران و شارەزایانی كورد و عەرەب لە پاڵ چەند وۆركشۆپێك لەسەر دۆخی كتێب و گەشەی پیشەسازی بڵاوكردنەوە، ئەمەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ كۆمەڵەی بڵاوكەرەوە و كتێبخانەكانی عێراق.
هەر لە چواچێوەی چالاكییەكانی پێشانگەدا گفتوگۆی رۆشنبیری و كولتووری جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت، بە بەشداری نووسەرانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی و جیهانی، لەگەڵ چالاكی خوێندنەوەی شیعر و واژووكردنی كتێبە نوێیەكان، ئەم چالاكییانەش بە هەماهەنگی دەبن لەگەڵ یەكێتی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق، هەر ئەوەندە نییە، بەڵكو چەند ئاهەنگێكی هونەری و پانێڵی جۆراوجۆر لە بارەی عێراق و ناوچەكەوە بەڕێوەدەچن.