ئیسرائیل هێرش دەكاتە سەر شوێنی كۆبوونەوەی دیاریكردنی شوێنگرەوەی خامنەیی

:: PM:06:03:03/03/2026 ‌

لە دوای هێرشەكەی شەمووی رابردووی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر تاران و كوشتنی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و پۆلێك لە فەرماندە سەربازییەكانی، تا ئێستە ئێران نەهاتووەتە سەر خۆی و هەوڵ دەدات بە خێرایی شوێنگرەوەی خامنەیی بۆ بڕیاردان لەسەر دۆخەكە دیاری بكات، لەو ناوەدا ئیسرائیل هێرشی كردووەتە سەر تەلاری ئەنجوومەنی شارەزایانی سەركردایەتی، كە شوێنگرەوەی خامنەیی تیادا دەستنیشان دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران رای گەیاند كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل تەلاری كۆنی پەرلەمان و بارەگەی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی شارەزایانی سەركردایەتییان لە شەقامی خومەینی لە ناوەڕاستی تاران بۆردمان كردووە، بەرپرسێكی ئیسرائیلی لەوبارەوە دەڵێت، بۆردمانەكە هاوكات بووە لەگەڵ كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجوومەنەكە بۆ دیاریكردنی رابەری نوێی ئێران لە دوای كوژرانی عەلی خامنەیی لە هێرشەكەی شەمووی رابردوو.

لای خۆیەوە تۆڕی هەواڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی ئاماژەی بۆ هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەزایانی سەركردایەتی لەكاتی سازكردنی دانیشتنێك بۆ دیاریكردنی شوێنگرەوەی عەلی خامنەیی كرد، میدیاكانی تر گوتیان، ئیسرائیل هێرشی كردووەتە سەر 88 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایان لە تاران لەكاتی كۆبوونەوەیەك بۆ دیاریكردنی شوێنگرەوەی خامنەیی. لەو كاتەی ئاژانسی "میهر"ی ئێرانی ئاماژەی كرد كە لە كاتی هێرشەكەدا ئەنجوومەنەكە چۆڵ بووە و هیچ زیانی گیانی نەبووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل