سەرەڕای ئاگربەست.. ئێران بە 28 درۆن هێرشی كردە سەر كوێت

:: PM:01:17:08/04/2026 ‌

سوپای كوێت لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی ئێكس بڵاوی كردووەتەوە، بەرگریی ئاسمانی وڵات لە سەعات هەشتی بەیانی ئەمڕۆ تا ئێستە، وەڵامی هێرشێكی چڕی دوژمنكارانەی ئێران دەداتەوە.

لە ڕاگەیەنراوی ژمارە 55ی سوپای كوێت، گوتەبێژی وه‌زاره‌تی بەرگری وڵات عەقید روكن سعوود عەبدولعەزیز عەتوان دەڵێ، تا ئێستە بەرگریی ئاسمانی وڵات 28 درۆنی لە ئاسمانی وڵات پێكاوە.

ئاماژەی داوە، ئەو درۆنانە بە مووشەكی بەرپەرچدانەوە بەردراونەتەوە، كە ئامانجیان بۆردمانكردنی دامەزراوەی نەوت و وزە لە باشووری وڵات بووە.

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، لە ئەنجامی هێرشەكاندا زیانی مادیی زۆر بەر ژێرخانی نەوتی كوێت و وێستگەكانی كارەبا و ئاو لە وڵاتەكە گەیشتووە.

هێرشی ئێران بۆ سەر كوێت لە كاتێكدایە، شەوی ڕابردوو ئەمەریكا و ئێران ئاگربەستیان بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگەیاند و بڕیارە ڕۆژی هەینیش لە ئیسلام ئاباد شاندی هەردوو وڵات كۆ ببنەوە.





وشە - باز ئه‌حمه‌د