ئیدارەی شارۆچكەی ئامێدی، بڕیاری دا رێگەی 29 گوند كە پێشتر گیرابوون بكاتەوە، ئەوەش بۆ جووتیار و خەڵكی ناوچەكە كە دەتوانن كشتوكاڵ و باخدارییان بەردەوام بكەن.
كردنەوەی رێگەی ئەو گوندانە چەند مەرجێكی هەیە، كردنەوەكە یەكێك لە مەرجەكانی ئەوەیە ئەو كەسانەی چوونەوە ئەو گوندانە، نابێت شەو بگەڕێنەوە.
چوون بۆ گوندەكانیش مەرجی ئەوەیە فۆرمی پێشتر هەبێت، بەپێی فۆرمەكەش سەردانی ئەو گوندانە لە رۆژی شەمووەوە دەست پێ دەكات.
ئەو گوندانەی كە ژمارەیان 15 گوندە و سەربە شارەدێی دێرەلووكن و گوندەكانی تر سەربە شارەدێی كانی ماسێ و سەرسنگن، داوایان لێ كراوە بەیانیان سەعات شەش تا حەوتی ئێوارە دەتوانن هاتوچۆی گوندەكانیان بكەن.
بەهۆی شەڕ و گرژییەكانی دەوڵەتی توركیا بەرانبەر پارتی كرێكارانی كوردستان، ماوەی سێ ساڵ بوو رێگەی ئەو گوندانە داخرابوو، زیانێكی زۆر بەرخەڵكی ناوچەكە كەوتووە.
داخستنی ئەو گوندانەش وەك رێكاری سەلامەتی بووە، چونكە پێشتر بەردەوام شەڕ و ئاڵۆزی تێدابووە و هاوكات خەڵكی ناوچەكەش بوونەتە قوربانی.
رێبەر سادق بەڕێوەبەری شارەدێی دێرەلووك رای گەیاند، 15 لەو گوندانە كە بڕیاری كردنەوەی رێگەیان بۆ دراوە، دەكەونە سنووری دێرەلووك، بەڵام زیانێكی زۆر بەر ئەو گوندانە كەوتووە و زیاتر لە 100 خانوو رووخاون یان زیانیان بەركەوتووە.
بە قسەی ئەو بەڕێوەبەرە، ئەگەر رەوشی دەڤەرەكە ئارام بێت، ماوەی كردنەوە و رێگەی چوون بۆ ئەو گوندانە درێژ دەكرێتەوە، ئەو ماڵانەشی زیانیان بەركەوتووە لیژنەیەك پێكدەهێنرێت و زیانەكانیان دەنووسرێت، دوای دیاریكردینی زیانەكان قەرەبوو دەكرێنەوە.