كۆستەریكا بە فەرمی سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە، بەمەیش ژمارەی ئەو وڵاتانەی پاسداران وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی دەناسێنن، لە 10 وڵات تێپەڕ دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان،
كۆستەریكا بڕیاری دا سوپای پاسداران وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێنێ، ماریۆ زامورا وەزیری ئاسایشی كۆستەریكا رای گەیاند، "لەمەودوا لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكانمان كار دەكەین بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەندامانی ئەو رێكخراوانە ببینەوە".
جیا لە سوپای پاسدارانی ئێران، كۆستەریكا هەریەك لە حەماس و حووسییەكانی یەمەنیش دەخاتە لیستی تیرۆرەوە.
جگە لە كۆستەریكا، ئێستە زیاتر لە 10 وڵات سوپای پاسداران وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی دەناسێنن لەوانە: ئەمەریكا، ئەلبانیا، ئوسترالیا، ئیسرائیل، ئایسلەند، مەكدۆنیای باكور، بۆسنە، مۆنتینیگرۆ، مۆلدۆڤا، ئەرجەنتین، بەحرێن و سعوودیە.
سوپای پاسدارانی ئێران بەوە تۆمەتبار دەكرێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هاوكاریی میلیشیاكانی شیعە و رێكخراوە توندڕەوەكانی تر دەكات.