وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل، ژمارەی قوربانیانی جەنگی دژ بە ئێرانی بڵاو كردەوە و ئاماژەی داوە، لە سەرەتاوە تا ئێستە حەوت هەزار و 451 كەس لە ئیسرائیل بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەكان گوێزراونەتەوە.
لە
ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیلدا هاتووە، ئەو حەوت هەزار و 451 كەسەی بریندار بوون، 118 كەسیان تا ئێستە لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و دوویان حاڵەتیان هەستیارە و 13 تریش لە حاڵەتی مەترسیدان، 25 كەس دۆخی تەندروستییان مامناوەندە و 74 كەسیش لە دۆخێكی باشی تەندروستیدان، ئەوانەی تر سەرجەمیان بە سەلامەتی نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
وەزارەتەكە باسی لەوە نەكردووە كە ئاخۆ چەندی بریندارەكان، خەڵكی سڤیل و چەندیان لە هێزەكانی ئیسرائیلدا بوون، هاوكات هۆكاری برینداربوونیشیانی بە تەواوی ڕوون نەكردووەتەوە، ئاخۆ ڕاستەوخۆ بەر مووشەك و هێرشەكانی ئێران و حزبوڵا كەوتوون، یان لە ئەنجامی كەوتنە خوارەوەی مووشەك و درۆنەكان ئەو هاووڵاتییانە نەچوونەتە حەشارگەكان و زیانیان پێگەیشتووە.
ڕۆژی 28ی شوبات/فێبرایەر جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران دەستی پێ كرد و ماوەی 38 ڕۆژ بەردەوامی هەبوو، ڕۆژی هەشتی نیسان/ئەپریل لە ئەنجامی ناوەندگیریی پاكستان، واشنتن و تاران گەیشتن بە ڕێككەوتن بۆ ڕاگرتنی جەنگ بۆ ماوەی دوو هەفتە و دەستكردن بە گفتوگۆ و دانوستاندن لە ئیسلام ئاباد. لە ئەنجامی شەڕەكە ئەمەریكا و ئیسرائیل بەیەكەوە زیاتر لە 16 هەزار هێرش و بۆردمانیان كردە سەر ئامانجە گرنگ و ستراتیجییەكان لە ئێران، لە بەرانبەر ئەوەیشدا تاران بۆردمانی ئامانجەكانی ئەمەریكای لە وڵاتانی كەنداو و ئوردن و هەرێمی كوردستان كرد و دەیان كاروان مووشەكیشی ئاراستەی ئیسرائیل كرد.