میدیاكان بڵاویان كردەوە كە درەنگانی شەوی ڕابردوو، 12 فڕۆكەی جەنگی هێرشبەری ئەمەریكی گەیشتوونەتە بنكەیەكی ئاسمانی هێزەكانی
ئەمەریكا لە ئوردن، سەرەڕای ئەوەی دوێنێ ئاگربەستی دوو هەفتەیەیش لە نێوان واشنتن و تاران ڕاگەیەنراوە.
پێگەی "MATA" بڵاوی كردووەتەوە كە درەنگانی شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم، 12 فڕۆكەی جەنگی هێرشبەری جۆری A-10 Thunderbolt IIی گەیشتوونەتە بنكەی ئاسمانی مۆفەق لە ئوردن، بە گەیشتنیشیان ژمارەی فڕۆكە جەنگییە گورزوەشێنەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە زیاتر بوون.
ئاماژەی داوە، پێشتر ئەو فڕۆكە جەنگییانە بەشێوەیەكی كاتی گەیەنرابوونە بنكەی ئاسمانی لینكهێس لە شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا، دوای ئەوەی ئەمەریكایان جێهێشتبوو و بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەوتبوونە ڕێ.
لەمیانەی گەشتی ئەو فڕۆكە جەنگییانەیش بەسەر زەریای ئەتڵەسی، فڕۆكەی دابینكەری سووتەمەنی لە ئاسمانەوە یاوەری كردوون و لە كاتی كەمبوونی سووتەمەنیی ئەو فڕۆكانە، لە ئاسمانەوە سووتەمەنیی پێویستی بۆ دەستەبەر كردوون.
ئەمەیش لە كاتێكدایە كە لە دوێنێ چوارشەم هەشتی نیسان/ئەپریلەوە ئاگربەست لە نێوان ئەمەریكا و ئێران ڕاگەیەنراوە و بڕیاریشە ڕۆژی شەموو لە ئیسلام ئاباد كۆ ببنەوە، هاوكات بەیانی ئەمڕۆ ترەمپ هۆشداریی بە ئێران دا، ئەگەر لە ڕێككەوتن پاشەكشە بكەن، ئەوا ڕووبەڕووی بەهێزترین و كوشندەترین هێرش دەبنەوە.