ئەمینداری ناتۆ: ترەمپ له‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ ناڕازی و بێزاره‌

:: AM:10:28:09/04/2026 ‌

مارك رووتە ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ"، شەوی ڕابردوو لە كۆشكی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دانیشتنێكی داخراوی ئەنجام دا، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دووربارەكردنەوەی گەرووی هورمز و كەمكردنەوەی تووڕەیی ترەمپ بەرانبەر بە ناتۆ، بەڵام دوای كۆبوونەوەكە ئاشكرای كرد، سەرۆكی ئەمەریكا لە ناتۆ ناڕازی و بێزارە.

رووتە لە دیدارێكی لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێن گوتی، گفتوگۆكانمان كراوە و هاوڕێیانە بوون، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ بۆچوونێك لەسەر پرسی كشانەوەی ئەمەریكا لە ناتۆ و گفتوگۆكردن لەوبارەیەوە لەگەڵ ترەمپ بدات.
 
ئەمینداری ناتۆ دووپاتی كردەوە، ترەمپ بێزار و ناڕازی و دڵتەنگە بەرانبەر بە هەڵوێستی ژمارەیەك وڵاتی ناو ناتۆ كە پشتیوانی ئەمەریكایان نەكردووە لە جەنگی ئەو وڵاتە دژی ئێران.

لەلایەكی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێكی تروس سۆشیال، هێرشی كردە سەر ناتۆ و نووسیویەتی، ناتۆ ئامادە نەبوو لە كاتێكدا پێویستمان پێی بوو، كاتێك جارێكی تریش پێویستمان پێی بێت، ئامادە نابێت، گرینلاندتان بیرە، ئەو هەرێمە بەستەڵەكە گەورەییەی خراپ بەڕێوە دەبرێت!


وشە - باز ئه‌حمه‌د