موسەنا سامەرائی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم دووپاتی دەكاتەوە، نابێت لایەنە عێراقییەكان لە پێكهێنانی حكوومەت، ناڕەزاییەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە دژی نووری مالیكی كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی فەرامۆش بكەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە بڕیارە 11ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، لایەنەكانی عێراق باس لە هەڵوێستی خۆیان لەسەر پێكهێنانی حكوومەت دەكەن.
موسەنا سامەرائی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم "سوننە" لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دووپاتی دەكاتەوە، ئەوان پشتیوانی كاندیدەكەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكەن، هەر یەكێك بێت. لەبارەی نووری مالیكیش كە كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حكوومەت، سامەرائی باس لەوە دەكات ئەوان كێشەیان لەگەڵ مالیكی نییە، بەڵكو تێبینییان لەسەر ناڕەزاییەكەی ترەمپ هەیە.
دۆناڵد ترەمپ لە تویتێكدا ناڕەزایی خۆی دەربڕی لەوەی نووری مالیكی بكرێتەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق. سامەرائی دووپاتی دەكاتەوە، ئەوان بەلایەنەوە گرنگە ئەو ناڕەزاییە لەبەرچاو بگیرێت و فەرامۆش نەكرێت. دەشڵێ، "تەنانەت چوارچێوەی هاوئاهەنگیش بە تویتەكەی كاریگەر بووە و كاریگەریی بەسەر هەموو هەڵوێستەكان دەبێت، بۆیە نابێت فەرامۆش بكرێت".