بۆ هەناردەكردنی نەوت.. عێراق دەروازەیەكی تر لەگەڵ سووریا دەكاتەوە

:: AM:10:56:09/04/2026 ‌
حكوومەتی عێراق ئامادەكارییەكانی بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووری "ڕەبیعە" لەگەڵ سووریا تەواو كردووە، ئەمەش دەبێتە دووەم دەروازەی سنووریی نێوان هەردوو وڵات كە لە ماوەی یەك مانگدا بڕیاری كردنەوەیان بدرێت.

سامر قاسم داود سەرۆكی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق ڕای گەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەروازەی ڕەبیعە لە پارێزگای نەینەوا كە هاوسنوورە لەگەڵ شارەدێی تەلكۆچەر لە ڕۆژئاوای كوردستان، بە ڕووی چالاكییە بازرگانییەكاندا بكرێتەوە.

 ئامانجی سەرەكی لەم هەنگاوە، ئاسانكارییە بۆ هەناردەكردنی نەوت و هاوردەكردنی كاڵاكان لە توركیاوە، وەك بەشێك لە پلانی حكوومەت بۆ گەشەپێدانی ئابووری و زیادكردنی ڕێڕەوە بازرگانییەكان.

سەرۆكی دەستەی گومرگ ئاماژەی بەوەش كردووە، تەواوی ژێرخانی پێویست ئامادە كراوە و بۆ دەستەبەركردنی شەفافییەت و خێراكردنی كارەكان، سیستمی ئەلیكترۆنیی پێشكەوتووی "ئەسیكۆدا" لە دەروازەكەدا پێڕەو دەكرێت.

جێی ئاماژەیە لە دووی ئەم مانگەدا دەروازەی "وەلید"یش دوای 11 ساڵ لە داخرانی كرایەوە، ئێستە بۆ گواستنەوەی نەوتی ڕەش بەرەو بەندەری بانیاسی سووریا بەكار دەهێنرێت.



وشە - سۆران عەزیز