ماڵپەڕێكی ئەمەریكی: سەنتەری پشتیوانی لۆجیستی ئەمەریكا لە بەغدا چۆڵ كراوە

:: AM:11:02:09/04/2026 ‌
ماڵپەڕی حوڕەی ئەمەریكی ئاشكرای دەكات، سەنتەری پشتیوانی لۆجیستی سەربە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا بە تەواوی چۆڵ كراوە، هەموو سەربازەكانی ئەمەریكا و ناتۆیش بە نهێنی بەغدایان جێهێشتووە و بەرەو هەولێر و ئوردن رۆیشتوون.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، ماڵپەڕی حوڕە زانیاری لە بەرپرسێكی ئاسایشی عێراق وەرگرتووە و ئاشكرای دەكات، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا تەواوی هێزەكانی ئەمەریكا، لە سەنتەری پشتیوانی لۆجیستی لە بەغدا رۆیشتوون و بە یاوەری هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق، بە ئۆتۆمبیل بەرەو هەولێر و ئوردن رۆبشتوون. 

بەگوێرەی زانیارییەكان، سەرباز و راوێژكارانی هاوپەیمانی ناتۆیش لە بەغدا نەماون، بە تایبەتی پۆڵەندی و ئوسترالی و فڕەنسییەكان و تەنانەت وەرگێڕە عێراقییەكانیش لە باڵوێزخانەی نەماون و بەرەو قەتەر رەوانە كراون. حوڕە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەوەی ئێستە لە سەنتەرەكە ماون، تەنیا ئەو كەسانەن گرێبەستیان هەیە، ئەوانیش زۆربەیان لە رەگەزە ئەفریقییەكانن.

هەموو ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی سەنتەرەكەیش لەناو براون. بەڵام بەرپرسانی ئەمەریكا لە سەنتەرەكە بە لایەنی عێراقییان راگەیاندووە، ئەوان بۆ ماوەیەكی كاتی تەنیا مانگێك دەڕۆن و جارێكی تر دەگەڕێنەوە.

لە ماوەی 40 رۆژەی شەڕی ئێران و ئەمەریكا، لەلایەن میلیشیاكانەوە زۆرترین هێرش بە مووشەك و درۆن بۆ سەر ئەو سەنتەرە ئەنجام دراوە كە لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدایە.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل