تا دوو مانگی تر تەواوی كوردستان كارەبای دەبێتە 24 سەعاتی

:: AM:11:28:09/04/2026 ‌
بەپێی پلانی وەزارەتی كارەبا و پڕۆژەی رووناكی، تا دوو مانگی تر تەواوی كوردستان كارەبایان دەبێتە 24 سەعاتی.

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، كارەبا بەهۆی شەڕەوە كێشەی تێكەوت، كۆمپانیاكانی غاز وەبەرهێنانیان كەم كردەوە.

ئەردەلان دۆسكی گوتیشی، بەڵام ئێستە ئەو گرفتانە تێپەڕیوین و مەگەر بەهۆی كێشەی تەكنیكی، ئەگەرنا كارەبای 24 سەعاتی هەیە.

باسی لەوەش كرد، ئێستە هیچ گرفتێك لە بەرهەمهێنانی كارەبا نەماوە، ئێستە 85%ی هەرێمی كوردستان كارەبای 24 سەعاتییان هەیە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا گوتیشی، تا دوو مانگی تر لە تەواوی هەرێمی كوردستان كارەبا دەبێتە 24 سەعاتی.

ئەردەلان دۆسكی گوتیشی، "ئێستە تەنیا 15%ی كوردستان ماوە كارەباكەیان بكرێتە 24 سەعاتی، بڕیارە تا دوو مانگی تر لە تەواوی هەرێمی كوردستان كارەبای پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت و بەوەش هەموو كوردستان كارەبای دەكرێتە 24 سەعاتی.

پڕۆژەی رووناكی كە پڕۆژەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، بەبڕیاری مەسروور بارزانی جێبەجێ كرا، سەرەتا كەس باوەڕی نەبوو دوای 30 ساڵ كێشەی كارەبا كۆتایی بێت، بەڵام رژدبوونی سەرۆكی حكوومەت لەسەر پڕۆژەكە، وایكرد كوردستان بەسەر ئەو كێشە درێژە گەورەیەدا زاڵ بێت.



وشە - سۆران عەزیز