هەفتەی داهاتوو پەرلەمان متمانه‌ به‌ حكوومه‌تی عه‌لی زه‌یدی ده‌دات

:: AM:10:08:06/05/2026 ‌
تا درەنگانی شەوی ڕابردوو، نیوەی پۆستە وەزارییەكانی حكوومەتی نوێی عێراق یەكلا بوونەوە و بڕیارە تا كۆتایی ئەم هەفتەیەیش، عەلی زەیدی بەرنامەی حكوومەتەكەی پێشكەشی پەرلەمان بكات، تا پەرلەمانتاران بیخوێننەوە و تاوتوێی بكەن، هەفتەی داهاتوویش ناوی ئەندامانی كابینەی حكوومەتەكەی ڕادەستی پەرلەمان دەكات، تا بخرێتە دەنگدانەوە و متمانەی پێ ببەخشرێت.

ڕۆژی یەكشەم و دووشەم جووڵەی سیاسی فراوان لە بەغدا بوونی هەبوو و زیاتر لە 10 كۆبوونەوەی سیاسی لە نێوان لایەنەكانی شیعە و كورد و سوننە ئەنجام درا، دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و دەستی بە دیدار و گفتوگۆكان كرد، بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، كە بە هەمان میكانیزمی پێكهێنانی حكوومەتەكانی پێشوو هەوڵی پێكهێنانی دەدرێت.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بە ڕۆژنامەی "العربی الجدید"ی ڕاگەیاندووە، نیوەی پۆستە وەزارییەكان لە حكوومەتی نوێ یەكلا بوونەتەوە، پۆستی جێگرانی سەرۆك وەزیرانیش بڕیاریان لێ دراوە. ئەندامێكی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ ڕۆژنامەكە دووپاتی كردەوە، ئاراستەكان بەو شێوەیەن كە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان و متمانەبەخشین بە كابینەی حكوومەتەكەی عەلی زەیدی ئەنجام بدرێت، ئەگەر چەند وەزارەتێكیش كە ناكۆكییان لەسەرە بمێننەوە و یەكلا نەكرێنەوە، حكوومەت پێشكەشی پەرلەمان دەكرێ و دواتر كاندیدی ئەو وەزارەتانە بە جیا لە پەرلەمان متمانەیان پێ دەبەخشرێت.

پەرلەمانتارێكی عێراق لەوبارەیەوە گوتی، كێشەی گەورەی بەردەم پێكهێنانی حكوومەت ئێستە پشكی میلیشیاكانە لە حكوومەتی نوێ، ئەوان خاوەن نوێنەرایەتیی زۆرن لە ناو پەرلەمان و دەیانەوێ لە حكوومەت پۆست و پێگەیان هەبێت، بەڵام مەرجەكانی ئەمەریكا وایكردووە كۆسپ دروست ببێت و ئێستە لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوە و گفتوگۆ هەیە تا میكانیزمێكی گونجاو بۆ بەشداری گرووپە چەكدارەكان بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بدۆزنەوە. لایەنەكانی تری ناوی وەزارەتەكان و سی ڤی كاندیدی وەزارەتەكانیان پێشكەش كردووە و هیچ گرفتێكیان لەسەر پشكەكانیان لە ناو حكوومەت ، چاوەڕوان دەكرێ هەفتەی داهاتوو دانیشتنی متمانەبەخشین بە حكوومەتی عەلی زەیدی ساز بكرێت.

محەمەد شمەری پەرلەمانتاری عێراق سەربە چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتی، زۆرینەی وەزارەتەكان یەكلا كراونەتەوە و تەنیا 40%ی پۆستە حكوومییەكان ماون بڕیاریان لەسەر بدرێت، ئەو ناكۆكییە سنووردارانەی كە ماون، ئیرادەی سیاسی ڕوون و بەهێز هەیە كە كۆتاییان پێ بهێنن و حكوومەتێكی فراوان دروست بكرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د