وەزارەتی دەرەوەی ئێران، كوێت و بەحرێن بەرپرسیار دەزانێت لەو هێرشانەی كە كراونەتە دامەزراوەكانی ئێران، ئەمەیش دوای ئەوە دێت كە ئێران هێرشێكی توندی بۆ سەر كوێت ئەنجام داوە.
ئەمڕۆ چوارشەم سێی حوزەیران،
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێكدا، سەركۆنەی ئەو هێرشانەی ئەمەریكا دەكات كە كراوەتە سەر كەشتییەكی نەوتی ئێران لە گەرووی هورمز و هەروەها كراوەتە سەر تاوەری پێوەندیكردن لە دوورگەی قشم.
شەوی رابردوو ئێران هێرشێكی توندی كردە سەر كوێت، گوایە ئەو هێرشە وەك وەڵامێك بووە لە بەرانبەر هێرشەكانی ئەمەریكا، لە راگەیەنراوەكەیشدا دەڵێ، "كوێت و بەحرین راستەوخۆ و بە روونی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانە لە ئەستۆ دەگرن، چونكە خاكی ئەوان و دامەزراوەكانیان بۆ پشتیوانیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ئەمەریكا دژ بە ئێران بەكار هاتوون".
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتیشی دەكاتەوە، لە وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ئەمەریكا بەردەوام دەبێت و سەرچاوەی ئەو هێرشانە لە هەر كوێیەك بێت دەكاتە ئامانج.
بەر لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی كوێت رای گەیاند، لە هێرشەكەی ئێران بۆ سەر فڕۆكەخانەی كوێت، كەسێك كوژراوە و چەند كەسێكی تریش بریندارن، زیانیش بەر دامەزراوە هەستیارەكان و شاندە دیپلۆماسییەكان كەوتووە.