وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان كردووە، رەزامەندیی بدات لەسەر ئەوەی فەرمانبەرانی (معید-ی.توێژەر)ەكان دەرماڵەی خۆتەرخانكردنی زانكۆیان بە رێژەی 100% بمێنێتەوە، لە كاتی بەستنی بڕوانامەی ماستەردا و كەم نەكرێتەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی رەزامەندیی نەدا.
فەرمانبەرانی هەڵگرانی ناونیشانی وەزیفی (معید-ی.توێژەر) لە زانكۆكان بە بڕوانامەی بەكالۆریۆس، بۆ سەرجەم پسپۆرییەكان دەرماڵەی خۆتەرخانكردنی زانكۆییان بە رێژەی ٪١٠٠ بۆ خەرج دەكرێت، بەڵام كە بڕوانامەی ماستەر بەدەست بهێنن، دابەش دەكرێن بەسەر دوو گرووپەكەدا بەم شێوەی خوارەوە:
أ/پسپۆرییە زانستی و هونەرییەكان لە هەموو بارودۆخێكدا، دەرماڵەی خۆتەرخانكردنی زانكۆییان بە رێژەی ٪١٠٠ دەمێنێتەوە، وەك هەڵگرانی بڕوانامەی بەشە زانستی و تەندروستی …هتد.
ب/پسپۆری كارگێڕییەكان (معید-ی.توێژەر) بە بڕوانامەی بەكالۆریۆس دەرماڵەی خۆتەرخانكردنی زانكۆییان بە رێژەی ٪١٠٠ خەرج دەكرێت، بەڵام ئەگەر بڕوانامەی ماستەریان بەدەست هێنا، دەرماڵەی خۆتەرخانكردنیان دەكرێتە ٪٧٥ ی تا ئەو كاتەی نازناوی زانستی بەدەست دەهێنن، دوای بە دەستهێنانی نازناوی زانستی، دەرماڵەی خۆتەرخانكردنی زانكۆییان دەبێتەوە ٪١٠٠ پسپۆری كارگێڕی وەك زمانەكان و زانستە مرۆڤاتییەكان.. هتد.
بە بڕیاری ژمارە (٢٦٨) ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە رێكەوتی ٢٠٢٥/٢/٥ بەستنی دەرماڵەی نوێ و سەرەمووچە وەستێنرا، تا ئێستە ئاسۆیەكی روون نییە كەی بڕیار دەدرێتەوە بە بەستنی دەرماڵەی نوێ و سەرەمووچە، ئەمەش پێشێلكردنێكی تری یاسایە بەرانبەر مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێمی كوردستان.