پەیمانگەی كوێنسی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا دەڵێ، گەندەڵی لە عێراقدا بە هۆی خراپیی سیستمی سیاسی رەگی داكوتاوە، بۆیە سەركەوتنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە چاكسازی سیستمی سیاسییە.
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووز،
رۆژنامەی مەدای عێراقی راپۆرتێكی پەیمانگەی كوێنسی ئەمەریكی بڵاو كردووەتەوە، باس لە گرنگی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراقدا دەكات كە دوو هەفتەیە حكوومەتی عەلی زەیدی دەستی پێ كردووە. پەیمانگە ئەمەریكییەكە ستایشی هەنگاوەكە دەكات و پێی وایە لەلایەن ئەمەریكا و چین و سەرجەم وڵاتانی رۆژئاوایش، پشتیوانی لە هەنگاوەكەی زەیدی دەكرێت، هەروەها وا دەكات ژینگەیەكی وەبەرهێنان لە عێراقدا بڕەخسێت.
بەڵام هاوكات دووپاتی دەكاتەوە ئەو هەڵمەتە سەركەوتنەكەی بەندە بە چاكسازی سیستمی سیاسیی عێراق، ئەگەر ئەمە نەكرێت گەرەنتی سەركەوتنی نابێت.
راپۆرتەكە پێی وایە گەندەڵی عێراق رەگوڕیشەكەی بەهۆی خراپی سیستمی سیاسی داكوتاوە و ئەو سیستمەیش لە بنەڕەتدا بە گەندەڵی دەستی پێ كردووە، سەرەتا بە بردنی پارەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق لەلایەن حزبەكانی عێراقەوە چەسپاوە، تەنانەت ئەوكات بەو شێوەیە بوو كە وەزارەتەكانی حكوومەتی عێراق درێژكراوەی حزبەكان بوون، بۆیە ناكرێت بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سەركەوتوو بێت ئەگەر چاكسازی لە سیستمی سیاسی نەكرێت.