دوای 50 ساڵ، كوڕانی كەریم خان برادۆستی پێوەندییەكی مێژوویان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كوڕانی جەلال تاڵەبانی پچڕاند و گوتیان، چیتر ئەو دۆستایەتی و پشتیوانییە نەما.
دوای بڵاو بوونەوەی دەنگۆییەكی زۆر، ئەمڕۆ دووشەم سێی ئاب، سەلام كەریم خان برادۆستی میری برادۆسییەكان مقەستی لە پێوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی دا و پچڕاندی، ئەو پچڕاندنە شۆكێكی گەورەی بۆ یەكێتی دروست كرد، چونكە ئەوان خاوەنی پەرلەمانتارێكی كوردستانن جیا لەوەیش مەكتەب سیاسییان هەیە و جەماوەرێكی زۆریشیان بۆ حزبەكە كۆ كردبووەوە.
برادۆستییەكان لە ناوچەیەكی كوردستانن كە كەمترین نفوزی یەكێتی لێیە، بەڵام لەماوەی رابردوودا ئەو ماڵباتە توانیان دوو جار كورسی بۆ ئەو حزبە مسۆگەر بكەن و ئەمڕۆیش وازهێنانیان راگەیاند.
برادۆسییەكان
عەشرەتی برادۆستی یەكێكە لە عەشرەتە گەورە و دێرینەكانی كوردستان، كە نیشتیمانی سەرەكییان ناوچەی برادۆستە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سیدەكان لە پارێزگای هەولێر.
پێوەندیی ئەم عەشرەتە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كاتی دامەزراندنی ئەو حزبە و لە ساڵی 1976ەوەیە كە بەشێكی بەرچاو لە كەسایەتی و چەكدارانی عەشرەتی برادۆستی پێوەندییان بە ڕیزەكانی یەكێتییەوە كرد.
ئەمە لە كاتێكدا بوو كە ناوچەی برادۆست ناوچەیەكی ستراتیژیی گرنگ بوو بۆ هێزی پێشمەرگە بەهۆی هەڵكەوتە جوگرافییەكەی لەسەر سنووری سێ لایەنی عێراق، ئێران، توركیا.
فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی كەسایەتی دیاری برادۆستییەكان، لە هەڵبژاردنی 10ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 كاندیدی یەكێَتی نیشتمانیی كوردستان بوو لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی یەكی پارێزگای هەولێر، كە دەڤەری سۆرانی دەگرێتەوە، بەڵام سەركەوتنی بەدەستنەهێنا و نەبووە ئەندامی پەرلەمانی عێراق، هەرچەندە ئەوكاتە باس لەوە كرا كە دەنگی پێویستی هێناوە و یەكێتی بە كاندیدێكی تر گۆڕیویەتییەوە.
دواتر بە بڕیارێكی بافڵ تاڵەبانی و مەكتەبی سیاسی یەكێتیی فەیسەڵ كەریم خان كرا بە ئەندامی سەركردایەتی.
بنەماڵەی برادۆستییەكان پەیوەندیەكی باشیان لەگەڵ هەریەك لە ئەمەریكی و ئێرانیەكاندا هەیە وەك خۆیان دەڵێن سوودی زۆریان بە حزبەكە گەیاندووە، بەڵام ئێستە حزبەكە هیچی بۆ ئەوان وەك وەفا و كاركردن تێدا نەماوەتەوە.
كەریم خان برادۆستی دۆستی دێرینی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی بوو، بەڵام ئەو میراتە بۆ كۆڕەكانی خێری نەدایەوە.
لە هەڵبژاردنی رابردووی كوردستاندا، كوڕێكی ئەو ماڵباتە بووە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و ئێستەیش ئەندامێكی سەربەخۆیە.
نیگەرانن و وازیانهێنا
سەلام كەریم خان برادۆستی بە راشكاوی نیگەرانی خۆی بەرانبەر یەكێتی پێشاندا و رای گەیاند، ئەوانە تەنیا كاتی هەڵبژاردن خەڵكیان لەبیرە و دواتر تەلەفۆنەكانیان دادەخەن، ئێستە خەڵك بۆ ناڕەزایەتی ئەوەی كە هیچیان نەكردووە بۆ ئەو سنوورە روو لە دیوەخانی برادۆستییەكان دەكەن و ئەوانیش نایانەوێ شەرمەزاری خەڵك بن.
ئەو دەڵێ، تەنانەت لەناو بانگەشەی هەڵبژاردندا قوباد تاڵەبانی بە تەنیا جێی هێشتوون، بەڵێنی دابوو سەردانی سۆران بكات، بەڵام كتوپڕ پەشیمان بووەوە و نەهات.
هەوڵەكان
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لەماوەی رابردوودا هەوڵی زۆر لەلایەن كوڕانی كۆسرەت رەسووڵ و قوباد تاڵەبانی هەبووە بۆ ئەوەی ماڵباتی برادۆستییەكان لە بڕیاری وازهێنانیان لە یەكێتی پەشیمان بكاتەوە، بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر بڕیارەكەیان.
ئێستە یەكێتی لە شۆكە بەهۆی بڕیارەكەیانەوە، چونكە وەك سەلام كەریم خان دەڵێ، ئەوان تەنیا چەند برایەك نەبوون كە پێوندییان لەگەڵ ئەو حزبە هەبوو، بەڵكو خەڵكێكی زۆریان كۆ كردبووەوە.