له شاره‌دێی "دیانا"ى سه‌ر به شارۆكه‌ی سۆران به هۆی نه‌بوونی شوێنێكی تایبه‌ت بۆ مه‌له‌وانی منداڵان له نێو ئاوی "پیس" مه‌له‌وانی ده‌كه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سۆرانیش هۆشداری ده‌دات.
ئه‌م شوێنه‌ی له وێنه‌كه‌دا دیاره ناسراوه به "كه‌ندی دیانای كۆن" كه ده‌كه‌وێته به‌رده‌م مزگه‌وتی دیانا و له وه‌رزی هاوین ساڵانه منداڵان به مه‌به‌ستی خۆ فێنك كردنه‌وه بۆ مه‌له‌وانی رووی تێده‌كه‌ن.
شوێنه‌كه گونجاو نییه بۆ مه‌له كردن و به هۆی ئاوی زێراب پیس بووه، به‌ڵام تا ئێسته شاره‌وانی و رێكخراوه‌كانی ژینگه و ته‌ندروستی تابلۆ و رێنوێنى ئاگه‌داركردنه‌وه و خۆپاراستنییان له‌و شوێنه هه‌ڵنه‌واسیووه .
هه‌ڤاڵ شێخ زاده گه‌نجێكی شاره‌دێی دیانا به" وشه "ی راگه‌یاند" منداڵان بۆیه له‌م شوێنه مه‌له ده‌كه‌ن، چونكه شوێنێكی تایبه‌ت و گونجاو نییه، واته مه‌له‌وانگه‌یه‌كی حكوومی تایبه‌ت به منداڵان نییه.
هاوكات نوژدار ره‌حمان منداڵێكی سنووری شاره‌دێی دیانایه بۆ مه‌له كردن رووی له‌و شوێنه كردوه به" وشه "ی راگه‌یاند، رۆژانه له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له كه‌ندی دیانا مه‌له‌وانی ده‌كه‌ین، چونكه سنووره‌كه هیچ مه‌له‌وانگه‌یه‌كی پاكی لێ نییه.
د.مه‌قسوود ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سۆران به" وشه"ی راگه‌یاند، مه‌له كردن له شوێنی ئاوی وه‌ستاو هه‌روه‌ها گۆما و وه‌كو كه‌ندی دیانا هۆكارێكه بۆ گواستنه‌وه‌ی زۆربه‌ی نه‌خۆشییه‌كان .
زیاتر گوتى، پێویسته دایك و باوك رێگری بكه‌ن له منداڵه‌كانییان و به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌هێڵن نزیكی ئه‌و كه‌نده بكه‌ونه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ری تووش بوون به نه‌خۆشی كولێرا و سكچوون و نه‌خۆشییه‌كانی پێست و هه‌ستیاری زیاد ده‌كات.
سۆران – موڕشید برادۆستی